İlkay Güder,Ramal Abdullah Mahmood
01 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە – AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند: "لە راگەیەندراوەکەی پنتاگۆندا دەستەواژەیەک هەیە کە ئاماژە بەوە دەدات 'ئەو کەلوپەلانە کۆناکەنەوە کە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا درووست ناکەن'. کۆماری تورکیا بڕیاری ئەوە دەدات کە کێ و چی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانمان دروست دەکەن، نەک کەسانی دیکە".
کاڵن بە پێویستی دەزانێت بێ دواکەوتن نزیکەی ئەو چوار هەزار بارهەڵگر چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلەکانی دیکە کۆبکرێنەوە کە لە ژێر ناوی "بەرەنگاربوونەوەی داعش"دا بە پەیەدە/یەپەگە دراون.
کاڵن تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لەبەرئەوەى بەرەنگاربوونەوەی داعش کۆتایی هاتووە، ئیدی ئەو رێکخراوە پێویست بەو جۆرە چەک و تەقەمەنیانە نەماوە و دەشڵێت: "بەڵام دەشزانین کە پێشتریش ئەمریکا شوێنپێی ئەو چەکانەی لە عێراق دابەشی دەکردن دواتر لە دەستی دان. لەبەرئەمە پێویستە هەنگاوی کردەیی بندرێت بۆ ئەو پەیمانانەی دراون".
ئیبراهیم کاڵن جەختی لەسەر ئەوەی کردەوە کە کۆنەکردنەوەی ئەو چەکانە لە ناوچەکە دابەش کراون دەبنە هۆی قوڵبوونەوەی کێشەکان و نانەوەی ئاژاوەی زیاتر و ناسەقامگیرتربوونی ناوچەکە، گوتیشی: "پێدانی چەکی نوێ تەنها دەبێتە هۆی نانەوەی ئاژاوەی زیاتر و قوڵکردنەوەی ناسەقامگیری. ناکرێ بیر لەوە بکرێتەوە کە ئێمە بەوە رازی دەبین. لە راگەیەندراوەکەی پنتاگۆندا دەستەواژەیەک هەیە کە ئاماژە بەوە دەدات 'ئەو کەلوپەلانە کۆناکەنەوە کە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا درووست ناکەن'. کۆماری تورکیا بڕیاری ئەوە دەدات کە کێ و چی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانمان دروست دەکەن، نەک کەسانی دیکە. پێویستە ئیدارەی ئەمریکا بە تەواوی پەیوەندییەکانی بپچڕێنێت لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەیەدە-یەپەگە".