Rewa Mahmut Hasan
05 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2016
پاریس
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی تیشکی خستەسەر چەند پرسی گرنگی وەک رووبەڕووبوونەوەی داعش و پەکەکە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
سەرەتا چاوشئۆغڵو ئاماژەی بە بوونی باڵێکی داعش دا لە تورکیا و لەبارەی گۆڕینی ستراتیژیەتی تورکیا بەرامبەر بە داعش چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە دەکرێت تەکتیک بگۆڕدرێت. هەروەک راشیگەیاند کە لە زۆر لاوە رووبەڕووی داعش دەبنەوە و لەو بارەیەوە مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە لە باکووری عێراق دەکەن، هاوکات رێگری کراوە لە چوونە ناوەوەی چەندین کەسی بیانی بۆ نێو سووریا.
چاوشئۆغڵوو لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا بۆ ناگەڕێنەوە بۆ پێش حوزەیرانی ٢٠١٥ لەگەڵ پەکەکە ئەوکاتەی پرۆسەی چارەسەریی بەردەوامی هەبوو، گوتی: "بەهۆی ئەو دانوستانانەوە لەلایەن جەماوەری خۆمانەوە بەتوندی رەخنەباران کراین. گەیشتن بە چارەسەریی مەترسییەکی گەوەرە بوو کە هەنگاوی بۆ نرا بەڵام پەکەکە ئەمەی بۆ مەبەستی خۆی بەکارهێنا. کاتێک بینی ئێمە کراوینەتە ئامانجی داعش، ئەویش هێرشی برد. ئەوە ئێمە نین کە دەستمان کردەوە بە هێرش. ئەگەر دەستبەرداری کردەوەی تیرۆریستی ببن و چەک فڕێ بدەن، ئەوە دەکرێت دەست بکەیەنەوە بە پرۆسەی چارەسەریی. رۆژئاواییەکان و ئەمەریکییەکان بۆچی ناخوازن پەکەکە کۆتایی بە کردەوەکانی بهێنێت؟".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا تووشی سەرسووڕمان هاتوون بە یارمەتیدانی ئەمەریکییەکان بۆ یەپەگە کە نزیکە لە پەکەکە؟چاوشئوغڵو ئاماژەی بەوە دا بەکارهێنانی گرووپێکی تیرۆریستی دژی گرووپێکی تری تیرۆریستی کارێکی باش نییە و بە هەڵەیەکی گەورەی وەسف کرد، وەک ئەوەی ئێستا دەکرێت لە بەرامبەر یەپەگە بۆ لێدانی داعش و گوتی: "ئێستا لە رێی رێککەوتننامەی منبجەوە کە بەئەنجام گەیشتووە لەگەڵ ئەمریکادا، هیچ کێشەیەک نەماوە و رێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت".
هەروەک لەبارەی رێککەوتنی منبجەوە چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان رێککەوتنی نهێنی سەربازییان ئەنجام داوە، بۆیە ناخوازێت لەوباریەوە قسە بکات.
لەبارەی بوونی یەکەی سەربازیی تورکی لە ناو عێراقدا و بەشداریکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی سەر مووسڵەوە، چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە یەکە سەربازییەکانیان لە عێراق کاری مەشقکردن بە عێراقییەکان ئەنجام دەدەن و یارمەتیان دەدەن ئەویش لە رێی تیمێکی تایبەتەوە نەک سوپا و سەربازەوە.