Abdullah Shukur
05 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2016
ئیستانبوڵ
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی ئیرنای فەرمی ئێران، دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی کیاروستەمی کە خاوەنی دەیان خەڵاتە لە بورای سینەمایی، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی شێرپەنجە چووبووە شاری پاریس، ھەر لەوێش کۆچی دوایی کرد.
کیارۆستەمی لە مانگی ئازاری ٢٠١٦ تووشی شێرپەنجەی گەدە ببوو، بەم ھۆیەشەوە چەندین نەشتەرگەری لە وڵاتی ئێران بۆ ئەنجامدرا. ھاوکات لە رێکەوتی ٢٦ی حوزەیرانی بڕیار درا کە لە وڵاتی فەڕەنسا درێژە بە چارەسەرییەکەی بدرێت.
لە دوای ئەمەش لە شاری پاریسی فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد.
کیاروستەمی خەڵاتی پالمیای زێڕینی بەدەست ھێنابوو. ئەو یەکێک بوو لە دەرھێنەرانی دژە ئیمپرالیزمی و ھەستیار لە بابەتگەلی کۆمەڵایەتی کە لە کۆتایی ساڵەکانی ١٩٦٠ دەستی بە کارکردن لە بواری ھونەرییدا کردبوو.
عەباس کیارۆستەمی بە بەرھەمەکانی وەک "ماڵی ھاوڕێکەم لە کوێیە"، "ژیان بەردەوامە"، "لە ژێر دارەکانی زیتوون" سەرنجێکی زۆری سینەماکاران و جەماوەری ئەو بوارەی بۆ لای خۆی راکێشابوو.
ئەم دەرھێنەرە بەناوبانگە لە ساڵی ١٩٩٧ بە فلیمێک لە ژێر ناونیشانی "تامی گێڵاس" خەڵاتی پالمیای زێڕینی لە فیستیڤالی فیلمی کان بەدەست ھێنابوو. ھەروەھا لە ساڵی ١٩٩٩ بە فلیمی "رەشەبا ئێمە بۆ کوێ دەبات" خەڵاتی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤەنەدیکی بەدەست ھێنا.
کیاروستەمی بەپێچەوانەی زۆربەی ھونەرمەندانی ئێران لە پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران لە وڵاتەکەی خۆی مایەوە و بەدەیان فیلمی بەرهەم هێناوە و لە ساڵی 1990ەوە هەتا 2014 گەلێ خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرتووە.