hemn husain
04 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2016
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی پارێزراو دەبێت و بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگیرێت.
بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ فریاکەوتن و داڵدەدانی ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا و دابینکردنی پێداویستییەکانییان، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.
ئامانج لە کۆبوونەکە ئامادەکارییەکان و دابینکردنی کامپ و پێداویستییە سەرەتاییەکان بوو بۆ ئەو ژمارە پێشبینیکراوەی ئاوارەکان لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژە بە کۆبوونەوەکەی واشنتۆن دەکات کە بڕیاردرا بڕی 2 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار تەرخان بکرێت بۆ هاوکاری عێراق.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەرباز محەمەد گوتی: "کۆبووینەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ و تایبەت بە رزگارکردنی نەینەوا تاوتوێ بکەین، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق بایەخێکی تەواو دەدات بە ئاوارەکان و هەموو رێککارەکان گیراوەتە بەر بۆ ئەم مەبەستە، هەروەها لە 20ی مانگی رابردوو کۆنگرەیەک لە واشنتۆن ساز کرا سەبارەت بە هاوکاریکردنی عێراق".
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە تەرخانکراوە بۆ ئەوەی هاوکاری عێراقی پێبکرێت، دەرباز محەمەد گوتی: "ئەو برە پارەیەی کە تەرخانکراوە بۆ عێراق بریتییە لە 2 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار و کە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە رێگای رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی دێت و هیچ پارەیەک ناچێتە ناو بوودجەی گشتی عێراقەوە، تەواوی ئەم بڕە پارەیەش بۆ چوار سێکتەر تەرخان کراوە کە بریتین لە سێکتەرەکانی داڵدەدان و فریارکەوتنی ئاوارەکان و سێکتەری هەڵگرتنەوە و مین و پاشماوەکانی شەڕ و سێکتەری ئابووری و سێکتەری خزمەتگوزاری".
دەرباز محەمەد ئاشکرای کرد کە سێ بڕیاری زۆر گرنگیان داوە و گوتی: "ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە ئێمە سێ بڕیاری زۆر گرنگمان دا ئەوەیش 5 ملیار دینار بۆ قەزای شنگال دابین بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکەکە بگەڕێتەوە سەر ماڵی خۆی و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەست پێ بکات، بڕیاری دووەمیش دابینکردنی 5 ملیاری دیناری دیکە بۆ فریاکەوتن و گواستنەوەی ئاوارەکان، بڕی 5 ملیاری دیکەش بۆ دروستکردنی کامپەکان دابین دەکرێت".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی: "لە سنووری پارێزگای هیچ کامپێک دروست ناکرێت بەڵکو لەو شوێنانە دروست دەکرێت کە لە دەستوور پێی دەڵێن ناوچە جێناکۆکەکان و لە ئێستادا لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە، بە گشتی لە دیبەگە دەست پێدەکات تاوکو دەشتی نەینەوا هەتا دەگاتە زوممار و هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە لە شەڕی نوێی مووسڵ، هیچ ئاوارەیەک نەچێتە هەرێمی کوردستان بەڵام هەر ناوچەیەک کە دیاری دەکرێت بێگومان رەزامەندی لایەنی ئەمنیی و سەربازی وەردەگرین و ئینجا کامپەکان دروست دەکرێت".
سەبارەت بە پێشبینییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی ژمارەی ئاوارەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، دەرباز محەمەد گوتی: "ئێمە پێشبینی دەکەین لە 250 هەزار کەس تا یەک ملیۆن کەس ئاوارە ببێت و ئەوەیش دەبەسترێتەوە بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانەکە و ماوەی شەڕەکە".
هەرچەندە لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا بەردەوام هاووڵاتییانی پارێزگاکانی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان دەکرد بە هۆی ئەوەی ئارامترین شوێنی عێراقە و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیش دوا ئاماری ئاوارەکان رادەگەیەنێت و گوتی: "بەپێی داتاکانی ئێمە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 3 ملیۆن و 850 هەزار کەس بەهۆی بارودۆخی توندویتژیەوە ئاوارە بوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 800 هەزار کەس لەماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و پارێزگای سەڵاحەددین بە پلەی یەکەم دێت کە 85 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە ئەو شارە و پارێزگای ئەنبار بە پلەی دووەم دێت کە 50 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە و دواتریش پارێزگای دیالە بە پلەی سێیەم دێت".
پێشتریش بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شاکر یاسین یاسین رایگەیاندبوو کە: "ئەگەر بە شێوەیەکی ستاندارد ھەژماری بکەین کە بۆ ھەر کەسێک مانگانە بڕی ٣٢ دۆلار تەرخانکراوە تەنیا بۆ خۆراک، ئەگەر ئەو ژمارەیەش بکەینە بناغەیەک ئەوا بۆ یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان و پێشبینی ٥٠٠ ھەزار کەسی دیکەش بکرێت، ئەوا مانگانە پێویستیمان بە ٥٧ ملیۆن دۆلار ھەیە، واتا تەنیا لە سێکتەری خۆراک، ساڵانە پێویستیمان بە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار ھەیە و ئەگەر سێکتەری کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و ئاو و ئاوەڕۆ و ھاتوچۆ و کۆمەڵێک شتی دیکەش ھەژمار بکەین ئەوا پێویستیمان بە ٤ تا ٥ ملیار دۆلار ھەیە".
جێی ئاماژەیە ماوەی دوو ساڵە بەهۆی شەڕ و کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان ماڵەکانییان جێهشتووە و بەشێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و پێشبینی دەکرێت بەهۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.