Dilşad Seyfeddin Ahmet
04 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2016
لە رێوڕەسمێكدا لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی، 308 پارچە زەوی لە رێگەی تیروپشكەوە بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەش كرا.
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، مەحموود حاجی ساڵح لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "وەك وەزارەت درێغی ناكەین بەهاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دابینكردنی زەوی و خانوو بۆ هەموو كەسوكاری شەهیدان".
ئەو گوتیشی: "پێشتر هەموو كەسوكاری ئەو شەهیدانەی زەوییان وەردەگرت بڕی 27 ملیۆن و 500 هەزار دیناریان وەك پێشینە وەردەگرت بۆ تەواوكردنی خانووەكانیان، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پارەیە بڕاوە".
وەزیری شەهیدان ئاماژەی كرد بەوەی کە لەهەر پارێزگا و شارەوانییەك دوای تەواوكردنی رێوشوێنە یاساییەكان، كاری جددی دەكەن لەسەر دابینكردنی زەوی بۆ كەسوكاری شەهیدان لەو ناوچانەدا.
ئەو لە بارەی مووچەی كەسوكاری شەهیدانەوە كە لەئێستادا نیگەرانیان هەیە بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە، گوتی: "مینحەی وەزارەت بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون جگە لە مووچەی كارمەندانی وەزارەت زیاتر لە 40 ملیار دینارە، هەوڵی جددیمان داوە تاوەكو مووچەی وەزارەت لە ریزبەندی وەزارەتەكاندا بێت و لە ئێستاشدا بەردەوامین لەسەر هەوڵەكان".
مەحموود ساڵح لە كۆنگرەكەدا لە بارەی كەیسی بەجینۆسایدناساندنی ئەنفالەوە دواو گوتی: "ماوەی دوو ساڵە كار لەسەر ئەوە دەكەین و لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە زۆرترین بەڵگەمان كۆكردۆتەوە و گەیاندومانەتە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی و سەردانی زۆربەی ناوەند و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانمان كردووە و لەو تاوانە ئاگادارمان كردونەتەوە، ئەوەی كە ئاستەنگە لەبەردەم لیژنەكەمان ئەوەیە كە عێراق ئەندام نییە لە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی و ئەوان لێكۆڵینەوە ناكەن لەو وڵاتانەی ئەندام نیین لە دادگاكەدا".
ئەو ئاماژەی بەوەیش كرد، چەندین رێگەی دیکەیان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی شنگال گرتووەتە بەر لە رێگەی ئەو دادگایەوە، ئەگەر ئەو رێگایانەش ئەنجامێكیان نەبوو، هەوڵ دەدەن دادگایەكی تایبەت بە جینۆسایدی كوردی ئێزدی لە كوردستان پێكبهێنرێت و كاریان لەسەر كردووە و ئامادەكاری بۆ كراوە.