Hemn Husain
04 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2016
پێشبینی دەکرێت کە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، ژمارەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات و لە ئێستادا نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاکر یاسین یاسین ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا 40 کامپ بۆ ئاوارە و پەنابەران درووستکراون و لەو ژمارەیەش 23 کامپ بۆ ئاوارەکانی پارێزگای مووسڵ تەرخان کراوە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاکر یاسین یاسین لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرێمی کوردستان جێگایەکی ئارامە و خەڵکێکی زۆر رووی تێکردووە، بەشێک لەو خەڵکانەش لەناو کامپەکان نیشتەجێن. لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 40 کامپ هەیە بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی لەناو کامپەکان دەژین زۆر کەمە بەجۆرێک لە پارێزگای دهۆک سەدا 15ی ئاوارە و پەنابەرەکان لە ناو کامپەکان دەژین و لە سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانیش لە سەدا 2ی خەڵک لەناو کامپەکان دەژین و ئەوانی دیکە لە دەرەوەی کامپەکان ژیان بەسەر دەبەن".
سەبارەت بە ژمارەی پەنابەرانی سووریا کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، شاکر یاسین یاسین گوتی: "لە سەدا 60ی پەنابەرانی سووری لە دەرەوەی کامپەکانن و لە سەدا 40یان کامپەکان دەژین و پێشبینی دەکەین لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ نزیکەی 500 بۆ 750 هەزار ئاوارە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن بەتایبەتی نزیکترین شوێن پارێزگای دهۆکە کە ئاوارەکان رووی تێبکەن".
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە مووسڵ و ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی ئاوارەکانی ئەو پارێزگایە، ئەوا 7 کامپ لە هەرێمی کوردستان درووست دەکرێت و 2 لەو کامپانەش دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانیش پێی وایە ئەو 7 کامپە ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی پێشبینیکراو لەخۆ بگرێت، لەمبارەیەوە شاکر یاسین یاسین گوتی: "بە گشتی 7 کامپ لە هەرێمی کوردستان درووست دەکرێن کە 2 لەو کامپانە دەکەونە شارەدێی دیبەگەی سەربە قەزای مەخموور و ئەو کامپانە 10 هەزار کەس لە خۆ دەگرن، جگە لەوەیش یەک کامپ لە قەزای شێخان درووست دەکرێت، بەڵام ئەو7 کامپە نزیکەی 70 هەزار کەس لە خۆ دەگرێت و ئەوەیش نابێتە جێی حەوانەوەی ئەو 500 هەزار ئاوارەی کە پێشبینی دەکرێت بێن بۆ هەرێمی کوردستان".
ئەو بەرپرسەی کۆچ و کۆچبەران گوتیشی: "رێژەی پەنابەر و ئاوارەکان سەدا 24ی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، بۆیە ئەگەر هاوپەیمانێتێکی نێودەوڵەتی دروست نەبێت و هاوکارییەکانیش زیاد نەکرێن ئەوا رەنگە کارەساتی مرۆیی لێ بکەوێتەوە".
ئەگەرچی هەفتەی رابردوو کۆمسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، کریستۆس ستیلیاندێز سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا بڕی 104 ملیۆن یۆرۆ تەرخان دەکات بۆ هاوکاریکردنی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە و ئەو هاوکارییە تەرخان دەکرێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە ترسی توندوتیژی رایانکردووە و بێگومان ئەو هاوکارییە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرەی کۆچ و کۆچبەران پێی وایە ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 700 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ هاوکاری ئاوارەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر بە شێوەیەکی ستاندارد هەژماری بکەین کە بۆ هەر کەسێک مانگانە بڕی 32 دۆلار تەرخان کراوە تەنیا بۆ خۆراک، ئەگەر ئەو ژمارەیەش بکەینە بناغەیەک ئەوا بۆ یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان و پێشبینی 500 هەزار کەسی دیکەش بکرێت، ئەوا مانگانە پێویستیمان بە 57 ملیۆن دۆلار هەیە، واتا تەنیا لە سێکتەری خۆراک، ساڵانە پێویستیمان بە 700 ملیۆن دۆلار هەیە و ئەگەر سێکتەری کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و ئاو و ئاوەڕۆ و هاتوچۆ و کۆمەڵێک شتی دیکەش هەژمار بکەین ئەوا پێویستیمان بە 4 تا 5 ملیار دۆلار هەیە".
پێشتریش بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "پێشبینی دەکەین یەک ملیۆن کەس ئاوارە بێت و نیوەی ئەو ژمارەیەش روو لە هەرێمی کوردستان بکەن و لە ئێستاشدا خەرجی هەرێم بۆ ئاوارەکان مانگانە بە بڕی 117 ملیۆن دۆلار مانگانە خەرج دەکرێت و بەو پێیەش ساڵانە نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پێویستە بۆ ئاوارەکان".
سەبارەت بە دابینکردنی بوودجەی کامپەکانیش، شاکر یاسین یاسین گوتی: "لە کۆی ئەو ژمارەیەی کە بڕیارە دروست بکرێت ئەوا 2 کامپ لەسەر ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانە و یەک کامپیش لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە و بەڵینیداوە کە خەرجییەکەی ئەو کامپە بنێرێت. جگە لەوەیش لە ساڵی 2014 تاوەکو ئێستا 23 کامپ تەنیا بۆ ئاوارەکانی پارێزگای مووسڵ درووستکراون".
هەفتەی رابردووش کۆمسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، کریستۆس ستیلیاندێز بۆ جاری دووەم سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە نزیکەوە کامپی ئاوارەکانی بەسەرکردەوە و بەڵێنی ئەوەی دا کە بگەڕێتەوە کار لەسەر قەبارەی هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بکات.