Zana Natık Kerem
21 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2019
مووسڵ ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی یەختێک لە رووباری دیجلە لە شاری مووسڵ، گیانیان لەدەستداوە، بەرزبوویەوە بۆ ٧١ کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا سەعد مەعن لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی قوربانیانی ژێرئاوکەوتنی یەختێک لە رووباری دیجلە لە شاری مووسڵ خستووەتەڕوو.
بەپێی رایگەیاندراوەکە، ئێستا ٧١ تەرم لە رووباری دیجلە لە لایەن تیمەکانەوە دەرھێندراون لەنێویاندا ئافرەت، منداڵ و پیاو ھەن، ھەروەھا ٥٥ کەسی دیکە کە ١٩یان منداڵان رزگارکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە.
سەبارەت بە ھۆکاری رووداوەکە، لیوا سەعد مەعن لە راگەیەندراوەکە روونیکردووتەوە، یەختەکە ژمارەیەکی زۆر سەرنشینی زیاد لە توانای خۆی ھەڵگرتبوو، بۆیە ژێرئاوکەوتووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەختێک کە ژمارەیەک گەشتیاری تیادابوو لە ناوەڕاستی رووباری دیجلە لە مووسڵ ژێرئاوکەوت کە تا ئێستا ٧١ کەس گیانیان لەدەستداوە.