Abdullah Shukur
01 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2016
پەرلەمانی تورکیا
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بۆنەی کردنەوەی ٢٦مین خولی پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند کە ھیچ بەرژەوەندییەکی سیاسی لە گیانی مرۆڤێک گرنگتر نییە. گوتیشی: "کوژرانی زیاتر لە شەش ھەزار کەس لە ماوەی شەش ساڵ لە وڵاتی سووریا، ھیچ شتێکی بۆ گوتن نەھێشتووەتەوە. ئێمە ئەرکی مرۆڤایەتی خۆمان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەرامبەر گەلی سووریا بەجێھێناوە و بەردەوامیش دەبین لەمە. لە ھەمان کاتیش لەمبارەیەوە ئاگەداری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەینەوە".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات ھاوشانی ھێزەکانی ناوچەکە دژی گشت رێکخراوە تیرۆریستەکانی سووریا دەستیپێکردووە. گوتیشی: " رێکخراوی تیرۆریستی داعش منداڵێکی ١٤ ساڵی خۆکوژی لە ئاھەنگێکی شاری عەنتاب بەکارھێنا و بەم ھۆیەوەش ٥٦ ھاووڵاتی کوژران و ١٠٠ کەسیش برینداربوون. بەم پێیەش ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات لە ناوچەی جەرابلوس تا رۆژئاوا و باشوور دەستیپێکرد. ئامانجی ئێمە پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارام و پاککراوەیە لە تیرۆر بە رووبەڕی پێنج ھەزار کیلۆمەتر. بەم پێیەش ھەنگاو بە ھەنگاو ناوچەی ئارام لە خاکی سووریا زیاد دەبێت و کێشەی تیرۆر و کۆچبەرانیش چارەسەر دەبێت. کاتێک کە چووینە نێو جەرابلوس تەنھا دوو ھەزار کەس لە خەڵکی ئەو شارە مابووەوە. بەڵام ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٠ ھەزار کەس. ئەمەش مانای وایە کە خەڵکی جەرابلوس دەگەرێتەوە شوێنەکەی خۆی. ئێمە ساڵانێکە بەرگری لەم پرۆژەیە دەکەین بەڵام پشتیوانی نەکراوین. چالاکییەکانی داعش و پەکەکە لە وڵاتەکەمان ئێمەی ناچار کرد بە توانای خۆمان ھەڵستین بە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و پشتویانی خەڵکی ناوچەکە ئەوەی نیشاندا کە دەتوانرێ بەرەنگاری دژی داعش بدرێ. ھەوڵدەدرێ یارییەکی ھاوشێوە لە موسڵیش نیشان بدرێت. پێچەوانەی پێکھاتەی مەزھەبی و ھەستیاری کلتووری ناوچەکە، ھەوڵدەدرێ ئەم یارییە بە ملیشیا شیعەکان و رێکخراوەکانی تیرۆریستی درێژکراوەی پەکەکە لەو ناوچەیە ئەنجام بدرێت. ھاوکات پێویستە ئەم یارییە تێکبدرێت. لە کاتێکدا کە تەلەعفەر کەوتووەتە باکووری مووسڵ. لەم شوێنە تورکمانەکان دەژین. لێرەوە دەمەوێت ئەوە بە بیربخەمەوە کە ھەرئۆپەراسیۆنێکی سەر مووسڵ ئەوا تەلەعفەریش تیایدا دەکرێتە ئامانج. ئێمە وەک تورکیا لەم بڕوایەداین کە بە ھاماھەنگی چینەکانی ناوچەکە. بە تایبەتی بە پشتیوانیکردنی عەرەب و تورکمانەکان مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش رزگار بکرێت".
ئەردۆغان جەختیشی لەوە کردەوە کە گشت ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی مووسڵ نەخزێنرێتە نێو شەڕی مەزھەبگەرایی.