شیکردنەوە

روحانی: "پرسی سەرەکی لووتکەکە پاراستنی خەڵکی سڤیلی ئیدلب بوو"

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی گوتی: "پێویستە رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل لە ئیدلب زیانیان بەرنەکەوێت. لە کۆبوونەوەکانمان لەسەر ئەم پرسە رێککەوتین".

Abdullah Shukur  | 07.09.2018 - نوێکردنەوە : 08.09.2018
روحانی: "پرسی سەرەکی لووتکەکە پاراستنی خەڵکی سڤیلی ئیدلب بوو"

Tahran

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی گوتی: "پێویستە رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل لە ئیدلب زیانیان بەرنەکەوێت. لە کۆبوونەوەکانمان لەسەر ئەم پرسە رێککەوتین".

روحانی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە دوای لووتکەی سێقۆڵی تورکیا- ئێران- رووسیا کە لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو، رایگەیاند کە لە لووتکەکەدا راوێژکاریی و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان کردووە و ئاماژەی بەوەشدا کە لەکاتی بەردەوامی لووتکەکەدا، ئەمریکا بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی ئێران.

روحانی جەختی لە ھەستیاری دۆخی ئیدلب کردەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و بەرەی نووسرە لە ناوچەکەدا بوونیان ھەیە. گوتیشی: "کردەوە تیرۆریستییەکان زیان بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت. پێویستە تیرۆریستان لە ناوچەکەدا لەناو ببەین. پێویستە رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل لە ئیدلب زیانیان بەرنەکەوێت. لە کۆبوونەوەکانمان لەسەر ئەم پرسە رێککەوتین. دەبێت تیرۆریستان ھانبدەین بۆ ئەوەی چەکەکانیان فڕێ بدەن و، کۆتایی بە چالاکییەکانیان بھێنن".

روحانی ئاماژەی بە دەستپێکردنی قۆناغی سیاسی و نووسینەوەی دەستووری نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریا کرد و راشیگەیاند کە، ئەوان جەختیان لەسەر گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سووریا، ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوان و دووبارە بونیادنانەوەی سووریا کردووەتەوە.

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئەوەیشی خستەڕوو کە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا گەلی سووریا زیانی زۆری بەرکەوتووە و لەم باوەڕەدان لە ماوەیەکی نزیک ئاشتی لەو وڵاتە بەرقەرار بێت.

روحانی جەختیشی لە بەردەوامی ھەماھەنگی لە نێوان ھەر سێ وڵات کردەوە و گوتیشی: "پێویستە ئەم قۆناغە تا دەستەبەرکردنی دیموکراسی لە سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام بێت. لووتکەی داھاتوو لە سووریا ئەنجام دەدرێت. ئەو راگەیاندراوە ھاوبەشەی کە ھەر سێ وڵات پەسندی کردووە، رێگای ئێمە بە ئاشکرا دیاریدەکات. بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا".

روحانی لەکاتی وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەنووسان بانگەشەی ئەوەی کرد کە تیرۆریستانی ناوچەکە خەڵکی سڤیل وەک قەڵغانێک بەکاردەھێنن. باسی لەوەشکرد کە کێشە لە رۆژھەڵاتی فورات ھەیە و لەمبارەیەوە گوتیشی: "پێویستە ئەمریکا دەستبەجێ سووریا جێبھێڵێت".

سەرکۆماری ئێران لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوتی : "ھیوادارم ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا دەستەبەر دەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی سووریا بگەڕێنەوە ماڵەکانیان".










بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın