Hemn Baban
09 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2016
هەولێر
تەقینەوەی غازەكە وەكو دراوسێیەكان باسیان لێوە دەكرد دەنگێكی زۆری بەگوێی ئەواندا دابوو ئەوەیش وایكردبوو زیانەكان بەتەنها بۆ خودی ماڵەكە نەبێت.
لە یەكێك لە گەڕەكەكانی هەولێر كە پێشتر گوندێكی سەربەو شارە بووە تەقینەوەی بتڵە غازێك چەندین كەسی بەئاگا هێنایەوە، گەورەیی دەنگەكە و ئەو زیانە ماددیانەشی بەر خانووەكە و دراوسێكانیشی گەیاندبوو زۆر بوون، لێرە لە گەڕەكی توڕەق كە بەهۆی كێشەی زەویوزارەوە پێشتر دانیشتوانەكەی چەندین جار رێگەی هاتوچۆی هەولێر-مووسڵیان داخست، بەیانی ئەمڕۆ دانیشتوانی گەڕەكە بەدەنگی گەورە لەخەو راپەڕین و تەقینەوەی بتڵە غازێك بوو بە رووداو و دواتر هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس گەیشتنە سەر شوێنی رووداوەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد.
موختاری گەڕەكی توڕەق كە لە ناو ئاسایشی گەڕەكە دەهاتە دەرەوە دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان چەند زانیارییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دركاند، حەسەن مەحموود عەبدوڵڵا لەوبارەیەوە رایگەیاند "كاتژمێر 8:30ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە ماڵی كەسێك كە كاری غازفرۆشی لە گەڕەكی توڕەق دەكات بەناوی غازی جەوهەر تەمەرخان بەهۆی تەقینەوەی غازێك زیانی زۆری بەركەوت، رووداوەكەش بەهۆی بەربوونی غازەوە بووە لەو بتڵەی كە بە غازەكەوە بووە، دیارە دوێنێ خاوەنی ماڵەكە بە خێزانەكەی گوتووە غازەكەیان لێ دەچێت و ئاگاداری ببێت، بەڵام ئەم بەیانییە خێزانەكەی چەرخی لە غازەكە داوە تەقیوەتەوە، زیانی زۆر بەر ماڵەكە و ماڵی تەنیشیتی گەیشتووە، زیانی گیانی بەدواوە نییە تەنها ئەوە نەبێت هاوسەری ئەو خاوەن ماڵە و دوو لە منداڵەكانی بریندارن و برینەكانیشیان زۆر قورس نیین".
لەوێ لە بەرامبەر ماڵەكە ژمارەیەك گەنج بەتاسەوە باسیان لە بەئاگاهاتنەوەی ئەمڕۆی خۆیان دەكرد كە بەهۆی دەنگە گەورەكەی ئەو تەقینەوەیە بووە، شاهێدحاڵێكیش باسی لەوەدەكرد كە فێنككەرەوەیەك بە ئاسماندا چووە و پارچەی چەند كەلوپەلێكیش بەر ئۆتۆمبیلی دراوسێكان كەوتووە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە پاڵ ئەو خانووە 100 مەترییەی غازەكەی تێدا تەقیبوویەوە ماڵی تەنیشتی وێران كردبوو بەشێوەیەك دیوارەكان رووخا بوون و بۆ وێنەگرتنی ئێمە مەترسی لەسەر كەوتنی ئەو پارچانەی دیكەش هەبوون.
درزەکانی سەربان و شووشەی پەرت و بڵاو و دیمەنی شكانی چەندین پەنجەرەی دراوسێكان و شكانی دەرگای پێشەوەی خانووەكە هەموو ئەوانەی کە لەوێ بوون بۆ لای خۆی رادەكێشا و هەموو دەیانگوت زیانەكان زۆرن.