Hemn Baban
22 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2016
ئەفسەرە ئەڵمانییەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە وڵاتەكەی لە ساڵی 2017 بەردەوام دەبێت لەهاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.
سەركردەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان عەقید برێند پڕێل لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسییدا رایگەیاند وڵاتەكەی چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازیی و چەكی میلانی داوەتە هێزەكانی پێشمەرگە. لەم بارەیەوە ناوبراو سەبارەت بە هاوكارییەكانی وڵاتەكەی گوتی: "ئێمە لە ساڵی 2016دا ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی و پێویستیی سەربازییمان پێشكەش بە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، ئێستا بەشێك لەو هاوكارییانە لە قۆناغی بەدەست گەیشتندایە، لە ساڵی 2017-ەش هەوڵ دەدەین پڕۆژەمان هەبێت بۆ بەهێزكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر".
دەربارەی قەبارەی ئەو هاوكارییانەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە پێشمەرگەیان داوە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە و گوتی: "لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە تاوەكو ئێستا نزیكەی 20 هەزار پارچە چەكمان داوەتە هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش، هەروەها چەندین ئامێری سەربازی دیكەشمان پێشكەش بە پێشمەرگە كردووە، لەوانە ئۆتۆمبیلی سەربازی، جگە لە چەكی میلان".
عەقید برێند پڕێل كە ئەمڕۆ یەكشەممە ئامادەی پڕۆژەیەكی وڵاتەكەی بوو لە شاری هەولێر بۆ دانانی بەردی بناغەی دروستكردنی شوێنی پاراستنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان و چەك و تەقەمەنیی وەزارەتی پێشمەرگە لە نزیك میرەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە كە چەند كیلۆمەترێكی كەم لە شارۆچكەی بەحركە لە هەولێرەوە دوورە.
لە درێژەی قسەكانیدا ئەفسەرە ئەڵمانییەكە گوتی: "ئێمە تا ئێستا بەردەوامبووین لە راهێنانی هێزەكان لەسەر ئەو چەكانەی لەلایەن ئەمریكاوە پێیان داربوو، لە ئێستادا سەرقاڵی راهێنانی هێزی پێشمەرگەین بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەڵمانی".
سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ناوبراو روونی كردەوە کە "چەندین پێداویستیی سەربازییمان بەخشیوەتە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ بەكارهێنانیان لەكاتی پێویست بەتایبەت لەكاتی هێرشە كیمیاییەكان كە داعش دەیانكاتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ". ئەو هەروەها گوتیشی: "لە ئێستادا سەرقاڵی مەشقپێدانی پێشمەرگەین لە چۆنێتی بەكارهێنانی ئەو پێداویستییە سەربازییانەی تایبەت بە هێرشی كیمیایی لەنێویاندا ماسكی دژە كیمیایی".