Aybala Arpacı,Hemın Othman Mohammed
03 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نومان کورتوڵموش، لە کۆبوونەوەی ھەڵسەنگاندن و راوێژکاری ٣مین ناوچەی بەڕێوەبەرانی ناوخۆیی ئاک پارتی، گوتارێکی پێشکەش بە ئەندامانی پارتەکەی کرد.
کورتوڵموش بەگوتنی: 'لە ١٥ی تەمووزدا، ئێمە لە کەناری ھەڵدێر گەڕاینەوە' ھەڵسەنگاندنەکانی کرد و، رایگەیاند: "کاتێک پەرلەمان بۆردومانکرا ١٥٠ پەرلەمانتاری ھاوڕێمان لە ناو پەرلەماندا بوون، ھێزی تایبەت، ئاسایشی ئەنقەرە و بەشتەپە بۆردومانکران. لەسەر پردی بۆغاز لە ئیستانبوڵ دەیان ھاووڵاتیانمان شەھید کران. لە تورکیادا ٢٤٨ ھاووڵاتیمان شەھید کران".
گوتیشی: "تورکیا بە تەواوی مانا لە کەناری ھەلدێر گەڕایەوە. کاتێک باری نائاسایی رادەگەیەنین بۆ بژارکردنی ئەو کەسانەی خۆیان خزاندووەتە ناو دەوڵەتەوە کەسانێک ھاواریان لێبەرز دەبێتەوە. ببوورن، لەوانە نین کە گوتەی ھیچ کەسێک بە ھەند وەربگرین. بۆ پاراستنی دەوڵەتی کۆماری تورکیا لە کودەتاچییەکان، خاوەندارێتی کردنی دیموکراسی گەلەکەمان و گەرەنتی کردنی داھاتووی گەلەکەمان باری نائاساییمان راگەیاندووە. ھەرکاتێک پێویستی نەما ئەوا وەک حکوومەتی کۆماری سەربەخۆ و سەروەری تورکیا، ئەو بڕیارە دەردەکات و باری نائاسایی ھەلدەگیرێت".