AA
13 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامدا و تیایدا هۆکار و ئامانجەکانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی باسکرد و دووپاتیکردەوە کە ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکانە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا،هاکان کاراچای گوتی: "ئێوەش دەزانن کە تورکیا بڕیاریدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی کە سوورە لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا، بێگومان ئەمەش بڕیارێکی راست و دروستە، بۆیە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵی ئەم بڕیارەمانداوە، لەمبارەیەوە دەمەوێت چەند نموونەیەکتان بۆ بێنمەوە، وەک دەزانن تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بە سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی ئەنجامدا، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨دا ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون ئەنجامدرا و لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا زیاتر لە چوار هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە تیرۆریستان پاککراونەتەوە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەشدا زیاتر لە ٣٦٠ هەزار خێزان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای گوتیشی: "بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک، هەڕەشەی بەزاندنی سنوورەکانمان کۆتایی پێ نەهات، بەتایبەتی لە رۆژھەڵاتی فوراتەوە لە لایەن تیرۆریستانی پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە سنووری ئێمەیان بەزاند و چالاکییان ئەنجامدەدا، لەو سنوورانەوە و لە رێگای تونێلەکانەوە تەقەمەنی دەگوازرایەوە بۆ سنووری ئێمە و بە تیرۆریستانی پەکەکە دراون و ئەوە تەنها ئەو باسە نییە بەڵکو لەناو خاکی سووریاش دژبە خەڵکی سووریا هەڕەشە بوون، بەتایبەتی ئەو گرووپانەش زیاتر لە ٢٢٠ ھێرشیان بۆسەر ئەو ناوچانە تۆمارکراوە و ئەو سەرچاوانە بۆمان دەرکەوت کە منداڵیان بەزۆر لە ریزی سەربازی دادەمەزراندن کە ئامانجیان ئەوە بوو دێمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن، خەڵکی ناو سووریاش گلەیی و رەخنەیان لەسەر ئەو رێکخراوە تیرۆریستیانە زیادی کردبوو".
هاکان کاراچای ئاماژەی بە ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریانە کرد کە لە تورکیا گیرساونەتەوە و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو کارە نامرۆڤایەتییەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە، زیاتر لە ٣٣٠ هەزار خەڵکی سووریا هانایان بۆ تورکیا هێنا و بوونە پەنابەر، ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان کە تورکیا ئەم هەنگاوەی ناوە و دەمەوێت ئەو راستیەش بڵێم کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هیچ شێوەیەک دژبە برا کوردەکان نییە و دژبە گرووپە تیرۆریستییەکانە لەناو خاکی سووریا، ئێمە ئاگاداری سەربازەکان و سڤیلەکانمان کردووە کە رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان هەڕەشەن لەم ناوچەیە و لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانمان و لەژێر چاودێری مافە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێی ئەو بابەتەمان کردووە، چونکە هەبوونی ئەو گرووپانە تەحەمول ناکرێت، بەردەوامی ئەو رێکخراوە تیرۆریستانە هەڕەشەیە لەبەردەم یەکپارچەیی خاکی سووریا، لەبەر ئەم هۆکارانەش ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی لە نۆی ئەم مانگە دەست پێکرا".
کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاماژەی بە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی کرد و گوتی: "ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی، پارێزگاریکردن لە ئاسایشی سنووری وڵاتەکەی خۆمانە و هاوکات بۆ لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکانە کە لەناوچەکەدا هەن، هەروەها دەربازبوونی ئەو خەڵکە سڤیلەی لەو ناوچەیە هەیە و دەمەوێت ئەوەش دووپات بکەمەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هیچ شێوەیەک دژه بە برا کوردەکانمان نییە و تەنها دژبە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە، پەیەدە و یەپەگەیە و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ برا کوردەکانن نییە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوودا ئامانجی ئێمە چۆن بوو، لەم ئۆپەراسیۆنەیش هەمان شێوەیە و تەنها دژبە گرووپە تیرۆریستییەکانە و رێوشوێن گیراوەتەبەر کە زیان بە خەڵکی سڤیل نەگەیەندرێت".
هاکان کاراچەی گوتیشی: "ئامانج ئەوەیە گەڕانەوەی خەڵکی سووریا بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، تورکیا تاکە وڵاتە کە سەربازەکانی لەناو خاکی تورکیا دژبە گرووپە تیرۆریستییەکان وەستاون، ئێوەیش لە یادتانە لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات سێ هەزار تیرۆریست لە چالاکی خران، ئامانجیشمان ئەوەیە کە چارەنووسی چەکدارانی تیرۆیستی بیانی بە هەوڵ و کۆششی نێودەوڵەتی چارەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی بیانێرنەوە وڵاتەکانی خۆیان".
کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی کرد کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە و رەتیکردەوە کە ئەم گرتە ڤیدیۆییانە لە ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی تۆمار کرابێت و گوتی: "لە سۆشیال میدیا هەندێک وێنە و ڤیدیۆ بڵاودەبێتەوە کە گوایا لە ئۆپەراسیۆنی ئاشتی تۆمارکراوە، هاوکات کەمپینێک دژبە کۆماری تورکیادا هەیە، ئەو وێنانە لە ئۆپەراسیۆنی دیکەیە کە لە رابردوودا ئەنجامدراوە و لە کاتی ئێستادا نییە، داوا دەکەین پشت بە هەواڵی درۆ نەبەسترێت".
کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای باسی بنچینە یاساییەکانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی کرد و رایگەیاند کە رەچاوی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە و گوتی: "بەپێی بڕیاری ژمارە ٥١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرگری لە مافی خۆمان دەکەین و دەمەوێت ئەوەش دووپات بکەمەوە کە تورکیا بە هیچ شێوەیەک چاوی لە خاکی کەس نییە، دەزانین ئەم ئۆپەراسیۆنە لە خاكی سووریا ئەنجام دەدرێت، بەڵام تورکیا رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرێت و لەبارەی ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەش کە چەند دەخایەنێت، بەدڵنیایییەوە تاوەکو ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لە ناوچەکەدا پاک دەکرێتەوە و نابنە هەڕەشە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان و خەڵکی سووریاش رزگاریان دەبێت لە زوڵم و ستەمی گرووپە تیرۆریستییەکانی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و داعش، ئەوا ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت".