ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی

ئەردۆغان: "پێویستە ئەمریکا تیرۆریستی ناسراو بە مەزڵوم رادەست بکات"

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان: "ئەو کەسەی کە ناوە نھێنیەکەی مەزڵومە، تیرۆریستێکە کە لە لیستی سووری داواکراوان دایە. پێویستە ئەمریکا ئەم کەسە رادەستی ئێمە بکات".

Murat Eğilmez  | 24.10.2019 - نوێکردنەوە : 25.10.2019
ئەردۆغان: "پێویستە ئەمریکا تیرۆریستی ناسراو بە مەزڵوم رادەست بکات"

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئەو کەسەی کە ناوە نھێنیەکەی مەزڵومە، تیرۆریستێکە کە لە لیستی سووری داواکراوان دایە. پێویستە ئەمریکا ئەم کەسە رادەستی ئێمە بکات".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە پرۆگرامی "سەرکۆمار تایبەت" لە پەخشی ھاوبەشی کەناڵی تەرەتە کرد و باسی لە پێشھاتەکانی رۆژەڤ کرد.

سەرکۆمار ئەردۆغان  گوتی:" بە تایبەتی بۆ خودی ترەمپ-مان باسکرد. ئێمە لەم کاتەدا لێتان دڵگرانین، لەبەر ئەوەی لەگەڵ تیرۆریستێکی وادا نامە دەگۆڕنەوە و ئەو نامەیەش ھاوپێچی نامەکەی خۆتانی دەکەن و بۆ ئێمەی دەنێرن، ئەو ھیچی نەگوت. ماوە ماوە ئێمە گفتوگۆی وا دەکەین".

سەرکۆمار ھەروەھا گوتی: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوانمان بە ترەمپ ـ م گوت: ھیچ گونجاو نییە سەرۆکی وڵاتێکی وەک ئەمریکا نامەی تیرۆریستێک ھاوپێچی نامەکەی خۆی بکات. ئیدانەی ئەم ھەڵوێستە دەکەم".

ئەردۆغان جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە تیرۆریستی بە ناو مەزڵوم رادەستی تورکیا بکرێتەوە، لەمبارەیەوە گوتی: "پێم وایە وەزیری داد لە ئێستادا خەریکی نوسراوەکانە. تیرۆریستی بە ناو مەزڵوم داوا دەکەینەوە. دەبێت ئەمریکا رادەستمان بکات".

ئەردۆغان لەبارەی رۆژھەڵاتی فوڕات گوتی: "لەبەر ئەوەی کانیاوەکان لەوێدا (رۆژھەڵاتی فورات) زۆرن ئێمەش گوتمان با ببێتە کانی ئاشتی. بەو شێوەیەش ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی دەستیپێکرد".

ئەو جەختی لەوەش کردەوە کە کێشەیان تەنھا لەگەڵ تیرۆریستان ھەیە و گوتی: "ئێمە دوژمنی کوردەکان نین. کوردەکان لێرەدا برای ئێمەن. ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەواندا نییە. کێشەی ئێمە لەگەڵ تیرۆریستانە".

ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە ئەوان چاوەڕێی پێشھاتەکان دەکەن و گوتیشی:" ئەمریکییەکان دەڵێن مەچنە کۆبانێ و رووسەکانیش دەڵێن بچن. ئێمە لەو دۆخانەدا چاوڕێی پێشھاتەکان دەکەین و دوایی بڕیار دەدەین".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەروەھا گوتی: "ئێمە وەک تورکیا و وەک سوپای تورکیاش دەبێت لە منبج و کۆبانێ یان وەک چاودێر یاخود وەک سەرپەرشتیار ئامادە بین. بەڵام لەھەمووی گرنگتر ئێستا ئێمە بە درێژایی سنوورمان لە گرێ سپی-یەوە بۆ جەرابلوس و بە قوڵایی ١٠ کلم و لەبەری سووریاوە، رێڕەوێکی ئاشتیمان دروست کردەوە".

سەرکۆماری تورکیا باسی لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا کرد و گوتی: "لە ھیچ بڕگەیەکی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا باس لە دانیشتن لەگەل تیرۆر و رێککەوتن لە گەڵ تیرۆردا نەھاتووە. چی ھاتووە؟ ئەمریکا و کۆماری تورکیا لەسەر ئەم بابەتانە رێککەوتوون."

سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئەگەر لێکتێگەیشتنی سێ قۆڵی تورکیا - رووسیا - ئێران نەبوایە، ئیدلب دەبووە گۆمی خوێن".

ئەردۆغان لەبارەی کۆکردنەوەی چەکی قورس لە سووریا گوتی: "لەبارەی چەکە قورسەکان لە سووریا، پێویستە ئەو چەکانە پاک بکرێنەوە یاخود بۆ تورکیا جێیبھێڵن. ئەی ئێمە لە ناتۆ پێکەوە نین؟ با چەکەکان بدەن بە ئێمە".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەشێکی تری گوتەکانیدا باسی لە لابردنی سزاکانی سەر تورکیا کرد و گوتی: " ئێستا سزاکان لادراون. بەڕێز ترەمپ خۆی رایگەیاند. ھیچ بەربەستێک نەماوە لە ١٣ی مانگ سەردانی ئەمریکا بکەین. لەبەر ئەوە ئێمە دەچین. لەوێدا ھەروەک پێشتر دۆستایەتییەکەمان دەھێنینە دی".

ئەو لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، لە ١٣ی مانگ ( تشرینی دووەم) گوتیشی:" بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەم بانگھێشتە دەدەینەوە و بە شاندێک دەچین".

ئەردۆغان لەبارەی وشککردنی سەرچاوەی تیرۆر دڵنیایی داو وڵاتانی بەخێوکەری تیرۆریشی ھۆشیار کردەوە، لەو بارەیەوە گوتی: "سوورین لەسەر وشککردنی تیرۆر لە سەرچاوەکەیەوە. ئەگەر تیرۆر بەخێوبکەیت رۆژێک دێت دەست دەکات بە چاوتا".

لەلایەکی دیکەش لەبارەی داعشەکانی نێو زیندان، سەرکۆماری تورکیا گوتی: "بەداخەوە لەناو داعشدا ژمارەیەکی کەم تورکیش ھەیە. دادگاییکردنی ئەوانە لە ناو زیندانەکان دەبێـت، یاخود دەیانھێنینەوە تورکیا و لێرە دادگاییان دەکەین. ئەمانە ژن و منداڵیشیان تێدایە، بۆیە ئێمە بە ھەستیارییەوە کاری لەسەردەکەین".

ئەردۆغان لە بارەی ھەڵوێستەکانی کۆمکاری عەرەبی گوتی: "کۆمکاری عەرەبی، چارەسەری بۆ ھیچ کێشەیەکی جیھانی ئیسلامی بەرھەم نەھێناوە".

ئەردۆغان بانگھێشتی جیھانی ئیسلامی کرد و گوتی: "بە گشت جیھانی ئیسلامی دەڵێم، بە ھیچ شێوەیەک تەیب ئەردۆغان و بزووتنەوە سیاسییەکەمان نە نەتەوەپەرستی و نە رەگەزپەرستی دەکات".

سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "بەڕێز ترەمپ، لە ھەڵوێستەکانی لەگەڵ مندا دۆستانە بوو. ئەوەی تا ئەمڕۆ پێی کرابێت بە راستی ھەڵسوکەوتی کردووە".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەر لەبارەی ناوچەی ئارام گوتی:"ئێمە ھێشتا چاوەڕێی ھاوکارین بۆ بنیادنانی ئەو ناوچانەی کە لە تیرۆر پاککراونەتەوە. ئایە ھاوکار دەبن؟ ھێشتا کەسمان نەبینی بڵێت ئێمە ئامادەین".

ئەردۆغان سەبارەت بە ئاوارە سوورییەکان و ئەورووپا گوتی: "لەو بڕوایەدام ئەگەر دەرگاکانی ئەورووپا بۆ سوورییەکانی تورکیا بکەینەوە، خەڵکی زۆر دەڕوات".

ئەردۆغان بە خۆشحاڵییەوە باسی لە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەستکردنی تورکیا کرد و گوتی: "بە تایبەت فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانمان و فڕۆکە چەک ھەڵگرەکانمان دروستکراوی خۆماڵین ، ئەمەش ئێمەی زۆر ئاسوودە کردووە".

لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی و ئاماری قوربانییەکان، سەرکۆمار لە وەڵامدا گوتی: "سوپای تورکیا حەوت شەھیدی داوە، ٩٥ سەربازمان بریندارە. سوپای نیشتمانی سووریا ٩٦ شەھیدی داوە، ٣٧٤ کەسیش بریندارن. ھەروەھا ٢٠ ھاووڵاتی سڤیل شەھید و ١٨٧ کەسی تریش بریندار بوون".

ئەردۆغان لە کۆتایی گوتەکانیدا لە پرۆگرامی "سەرکۆمار تایبەت" لە پەخشی ھاوبەشی کەناڵی تەرەتە گوتی: "ئەم گەلە پێش ھەموو شتێک گەلێکی خۆشەویستە، لەژێر سایەی ئەم یەکگرتووییەی ئەوانەوە دوو رێککەوتنمان ئەنجامدا. بەم ھۆیەشەوە رێڕەوی تیرۆرمان تێکشکاند".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın