Heman Hussein Yaseen Yaseen
15 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2019
هەولێر-AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشداریکردنییان لە کردنەوەی پێشانگای دەزگای روانگە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان، گوتارێکی پێشکەشکرد و تیاییدا ئاماژەی بەوەکرد ساڵانە دەزگای روانگە ئەم چالاکییە ئەنجام دەدات و ئەمەش گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە کە تیاییدا ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن لەگەڵ خاوەنکاران یەکتر دەدۆزنەوە و هەردوولا سوودمەند دەبن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "مایەی خۆشحاڵییە دەبیستم ئەمڕۆ پرۆژەی روانگە فورەس بۆ ئەمساڵ وایکردووە زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیا بتوانن لەم پیشانگەیەدا بەشداربن کە ناوی بەرچاوی بازاڕ و ئابووری، کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، زانکۆ، قوتابخانە، دەزگا و دامەزراوە، کۆمپانیاکانی بواری وزە، پەیوەندی و گەیاندن، بازرگانی، بواری گەشتیاری و بوارەکانی دیکە لەخۆ دەگرێت، تا ئێستا ئەوەی باسکراوە زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ دەرفەتی کار بۆ گەنجان لەم پێشانگایەدا دەڕەخسێت".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، ھەرێمی کوردستان قۆناغێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی ژێرخان و بەرەوپێشچوونی ئابووری بە خۆیەوە بینیووە. بە دەیان ھەزار دەرفەتی کار لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە بواری جیادا دروست بوون. لەو ماوەیەدا سیمای ھەرێمی کوردستان بەتەواوی بۆ باشتر گۆڕا. راشیگەیاند کە ئەگەر شەڕی داعش و قەیرانەکان نەبوونایە، بێگومان دۆخی وڵات لە ھەموو روویەکەوە باشتر دەبوو. کار و دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ سەدان ھەزار کەسی دیکە خێراتر و ئاسانتر دەبوو.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "وڵاتان کە تووشی شەڕ و قەیران دەبن، وا بەئاسانی نایەنەوە سەرخۆ. کاریگەری و دەرھاویشتەی خراپی شەڕ و قەیران، تا ماوەیەکی درێژ، دەمێنن. لێرەش بۆ ئەوەی دۆخەکە بکەوێتەوە سەر رێچکەی خۆی، پلان و کار و ھەوڵ و ماندووبوونی دەوێت. ئێستا کە ھەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی تازەدایە، بەرەو ئایندەیەکی باشتر ھەنگاو دەنێت. دڵنیام دۆخی ئابووری باشتر دەبێتەوە، بازاڕ دەگەشێتەوە، دەرفەتی کاریش بۆ گەنجانی کوردستان زیاتر دەبێت. بۆ ئەمەش پێویستیمان بەخۆڕێکخستنەوە و ئامادەکاری ھەیە بۆ قۆناغی داھاتوو".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە پێویستە ھەرسێ دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کارگێڕی، پێکەوە کار بکەن. پلان و روانگە و کاری ھاوبەشیان ھەبێت، بۆ ئەوەی کاروباری کۆمەڵگە لە ھەموو بوارەکاندا باشتر بکرێت و وڵات بەرەو پەرەپێدانی زیاتر ببات. خوێندنی پیشەیی لە قۆناغی ئامادەیی و لە زانکۆش، دەبێت گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و وەڵامی بازاڕی کار و پێداویستییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی ئێستا و قۆناغەکانی داھاتوو بداتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان قۆناغ و رۆژگاری زۆر سەخت و ئاڵۆزمان بەڕێکرد، بەڵام بەئومێدەوە روومان لە ئایندەیەکی باشترە. ئایندەیەک کە ژیانێکی باشتر و دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجانی وەک ئێوە دابین دەکات. ئایندەیەک کە ئێوەی گەنج و نەوەی ئەمڕۆمان، سبەی قسەی یەکلاکەرەوەی تێدا دەکەن. ئەرکی بونیادنان و بەرەوپێشبردن و بەڕێوەبردن و پاراستنی دەکەوێتە ئەستۆی ئێوەی گەنجانی خۆشەویست. بۆیە بە ھەر کارێک کە ئەمڕۆ دەستی پێ بکەیت، خۆت بۆ ئەو ئایندەیە ئامادە بکە. بزانن کە ئایندەی ئەم وڵاتە لە دەست ئێوەدایە".