Emre Gürkan Abay,1 23
27 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2022
مۆسکۆ - AA
کۆمپانیای وزەی رووسیی گازپرۆم بەهۆی پابەندنەبوون بە سیستەمی پێدانی کرێی گازی سروشتی بە روبلی رووسی رەوانەکردنی تەواوی گازی سروشتی بۆ بولگاریا و پۆڵەندا راگرت.
گازپرۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە لە ٢٦ی نیسانەوە بۆ رەوانەکردنی گازی سروشتی لە مانگی نیساندا هەردوو کۆمپانیای بولگارگازی بولگاری و PGNİGی پۆڵەندی بە روبل کرێی گازی سروشتییان نەداوە.
گازپرۆم بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە لە یەکی نیسانەوە ئەو دوو کۆمپانیایە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت کرێی رەوانەکردنی گاز بە روبل بدەنەوە، نووسیوویەتی "بەهۆی ئەوەی بە روبل کرێی گازی سروشتی نادەنەوە، گازپرۆم رەوانەکردنی تەواوی گازی سروشتی بۆ بولگاریا و پۆڵەندا راگرت".
گرێبەستی درێژمەودای نێوان گازپرۆم و پۆڵەندا لە یەکی تشرینی یەکەم کۆتایی دەهات و بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندبوو کە گرێبەستەکە درێژ ناکەنەوە.
- پۆڵەندا: "ئامادەکارییمان کردووە بۆ تەواوی مەترسییەکان"
حکوومەتی پۆڵەندا دوێنێ رایگەیاند کە گازی سروشتی رووسیا بە روبل ناکڕن و ئامادەکارییان کردووە بۆ تەواوی مەترسییەکان.
پۆڵەندا بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ پشتی بەستووە بە گازی رووسیا و بۆ ئەوەی لەو پشتبەستووییە رزگاری بێت متمانەی بە دابینکردنی گازی نەرویج و گازی سروشتی شلکراوەیە.
- بولگاریا بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ پشتی بە گازی رووسیا بەستووە
هەروەها حکوومەتی بولگاریایش دوێنێ رایگەیاند کە جێگرەوەی گازی رووسیایان مەیسەر کردووە و لەبارەی بەکارهێنانی گازیشەوە لەو وڵاتە هیچ سنووردارکرنێک ناگرنە بەر.
بولگاریا بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ پشتی بەستووە بە گازی رووسیا و ساڵی رابردوو ٣،٣ مەتر سێجا گازی سروشتی لە رووسیاوە هاوردە کرد.
بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە لە بەرنامەیاندا نییە گرێبەستی دوورمەودا لەگەڵ رووسیا نوێ بکەنەوە بۆ کڕینی گازی سروشتی کە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی دێت.
وەزیری وزەی بولگاریا، ئەلێکساندر نیکۆڵۆڤ رایگەیاند کە لە بەرنامەیاندایە گازی سروشتی شلکراوە لە تورکیا و یۆنان و رەوانەکردنی گازیش بە بۆڕی لە ئازەربایجانەوە زیاد بکەن.