Zana Natık Kerem
15 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەبدولھادی سەعداوی رایگەیاند کە کۆی گشتیی قەرزەکانی ناوخۆ و دەرەکیی عێراق، گەیشتووەتە ١٦٠ ملیار دۆلار.
عەبدولھادی سەعداوی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی ئاشکرایکردووە کە قەرزەکانی ناوخۆ و دەرەکیی عێراق دوای ساڵی ٢٠١٤، زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٦٠ ملیار دۆلار و ھۆشداری داوە لەوەی ئەگەر دەوڵەت لە قەرزکردن بەردەوام بێت، ئەوە عێراق مایەپووچ دەبێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەبدولھادی سەعداوی گوتیشی: "حکوومەتی عێراق بڕێک پارەی لە قەرزەکانی ناوخۆ و دەرەکیی لە دەرەوەی یاسا خەرجکردووە و ئێستا پێویستیمان بەوەیە کە وەزارەتی دارایی بە داتا و زانیاری، چۆنیەتی خەرجکردنی پارەی قەرزەکانمان بۆ روون بکاتەوە".
عەبدولھادی سەعداوی روونیکردووەتەوە کە قەرزەکان و داھاتەکانی ناوخۆی دەوڵەت کراونەتە دوو بەشەوە و بەجۆرێک کە ٨٠ لەسەدای بۆ بوودجەی بەکاربردن و ٢٠ لەسەدای بۆ بوودجەی وەبەرھێنان تەرخانکراوە، ھاوکات ئەوەی بۆ وەبەرھێنان تەرخان کراوە کە ٢٠ لەسەدایە کراوەتە دوو بەشەوە کە ٥٠ لەسەدای بۆ پڕۆژەکانی وەزارەتەکان تەرخانکراوە و ٥٠ لەسەداکەی دیکەیش بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ھەرێمەکان دەبێت.
سەبارەت بە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، ئەوا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەبدولھادی سەعداوی رایگەیاند کە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، بەھیچ شێوەیەک کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ناگرێتەوە و ئاماژەی بەوەیشدا، پەڕی سپی کە حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی چاکسازیی پێشکەشی کردووە، کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران ناگرێتەوە، بەڵکو تەنھا دەرماڵەی فەرمانبەرانی پلە تایبەتەکان دەگرێتەوە.
گوتیشی: "ھەر کاتێک بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لەلایەن حکوومەتەوە رەوانەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، ئەوا دەخرێتە دەنگدانەوە".