Emre Gürkan Abay
05 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2022
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ رایگەیاند کە ئەگەر سزاکانی سەر رووسیا هەڵبگیرێن، دەکرێت دەست بە گواستنەوەی گازی سروشتیی بکرێت لە رێگەی تەوژمی باکوورەوە و رایگەیاند ''سزاکان رێگرە لەبەردەم چاککردنەوەی هێڵەکە، گواستنەوەی گاز بە گەرەنتییەکی یاسایی گونجاو و گەرەنتیدانی یاساییمان. ئەوەی ئەم دۆخەی دروست کردووە ئەم سزایانەیە کە خۆرئاوا سەپاندوویەتی''.
دمیتری پێسکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە مۆسکۆ، باسی لەوە کرد کە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی رووسیا دەکرێت لە بارەی کێشەکانی هێڵی بۆری گواستنەوەی گازی سروشتی تەوژمی باکوور، جێگەی قبوڵ نین.
دمیتری پێسکۆڤ باسی لەوە کرد کە کێشەکانی تەوژمی باکوور بەهۆی سزای وڵاتانی خۆرئاواوە سەریهەڵداوە و رایگەیاند ''بەهۆی سزاکانەوە یەکە پشتیوانییەکانی هێڵکەکە نەماون و هەموو بارەکە خراوەتە سەر یەک یەکە و ئەو یەکەیەش پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیەکی باش هەیە''.
گوتەبێژی کرملین لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر سزاکان هەڵگیرێن دووبارە دەست بە گواستنەوەی گازی سروشتیی دەکرێت رایگەیاند ''بە دڵنیایییەوە. سزاکان رێگرە لەبەردەم چاککردنەوەی هێڵەکە، گواستنەوەی گاز بە گەرەنتییەکی یاسایی گونجاو و گەرەنتیدانی یاساییمان. ئەوەی ئەم دۆخەی دروست کردووە ئەم سزایانەیە کە خۆرئاوا سەپاندوویەتی''.
دمیتری پێسکۆڤ باسیشی لە خۆپیشاندانەکانی ئەورووپا کرد کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە دروست بوون و رایگەیاند ''هەلومەرجەکانی ژیان لە ئەورووپا خراپە. هەتا بڕوات هاووڵاتییەکی ئاسایی زیاتر پرسیاری لەسەر ئیدارەی وڵاتەکەی بۆ دروست دەبێت''.
کۆمپانیای گازپرۆم-ی رووسی لە دووی ئەیلوولدا رایگەیاند کە بۆ کاتێکی نادیار گواستنەوەی گازی سروشتیی لە رێگەی هێڵی بۆری گواستنەوەی تەوژمی باکوورەوە رادەگرن.
لە کاتێکدا رووسیا بانگەشەوەی ئەوە دەکات کە بەهۆی ئەو کێشانەی لەبەر سزاکان لە گواستنەوەی گازی سروشتیی بۆ ئەورووپا دروست بووە ناردنی راگرتووە، بەرپرسانی ئەورووپا باس لەوە دەکەن کە رووسیا سەرچاوەکانی وزە وەک چەک بەکاردەهێنێت.