Zuhal Demirci
05 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2022
لەندەن - AA
لیز تراس کە بە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا، بووە سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە.
سێر گراهام برادی، سەرۆکی ئەو ئۆرگانەی پرۆسەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پارتەکە و لەسەرکارلابردنی سەرۆک بەڕێوەدەبات (لیژنەی ١٩٢٢) لە سەنتەری کۆنفرانسی شاژنە ئەلیزابێسی دووەم لە لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتە، ئەنجامەکانی دەنگدانەکەی بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەنجامەکان لیز تراس ٨١ هەزار و ٣٢٦ دەنگی بەدەستهێناوە و ریشی سوناک ٦٠ هەزار و ٣٩٩ دەنگ.
بەو ئەنجامە لیزا تراس کێبڕکێی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و لە هەمان کاتدا پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکەی بردەوە.
لیز تراس کە هاوسەرگیری کردووە و دایکی دوو منداڵە لە پاش مارگرێت تاتچەر و تیریزا مەی بووە سێیەمین سەرۆکوەزیرانی ئافرەتی بەریتانیا.
- سبەی تراس ئەرکی پێکهێنانی حکوومەت لە ئەستۆ دەگرێت
سبەی سەرۆکوەزیرانی ئێستای بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی رادەستی شاژنە ئەلیزابێسی دووەم دەکات کە لە کۆشکی بالمۆرال لە سکۆتلاند پشووەکەی بەسەر دەبات، لە پاشاندا تراس ئەرکی پێکهێنانی حکوومەت لە شاژن وەردەگرێت.
سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، لیز تراس لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاژن، دەگەڕێتەوە بۆ لەندەن و گوتارێک پێشکەش دەکات.
پشبینی دەکرێت هەر سبەی لیز تراس کابینەی نوێی حکوومەتەکەی رابگەیەنێت.
بۆریس جۆنسۆن لە حەوتی تەمووزی رابردوودا، دەستی لە پۆستی سەرۆکی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری بەریتانیا کشاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە تا هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات.