Ahmet Furkan Mercan
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2021
تۆکیۆ- AA
ژاپۆن بۆ فراوانکردنی پاڵاوگەکانی نەوت لە عێراق، ٣٠٠ ملیۆن دۆلار قەرز دەداتە حکوومەتی بەغدا.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، مۆتێگی تۆشیمیتسو لە میانی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی کیۆدۆ-ی ژاپۆنی، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان تۆکیۆ و بەغدا و دوایین پێشهاتەکانی ئەفغانستان دواون.
هەروەها باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردووە و بڕیاردراوە بۆ فراوانکردنی پاڵاوگەکانی نەوت لە پارێزگای بەسرە باشووری عێراق، ژاپۆن ٣٠٠ ملیۆن دۆلار قەرز بداتە عێراق.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق هەروەها بەجیا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆبووەوە.