ھەکاری
گروپێک لە دانیشتوانانی ناوچەی ھەکاری لە گوندی ئوزوملو لە سەر سنوری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا کۆبوونەوە و بۆ پێشوازیکردن لە کردنەوەی دەروازەی سنوری لە ناوچەکەدا بە دۆڵ و زۆڕنا دەستیان بە رێپیوان بەرە و ھەرێمی کوردستان کرد و دوای ھەڵپەڕکێ لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان رێکخست.
گروپێک لە کارمەندانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەکاری بە بۆنەی کردنەوەی دەروازەی سنور لە ناوچەی چوکورجا سەردانی گوندی ئوزوملو لە سەر سنوری نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستانیان کرد.
دانیشتوانی ناوچەکە بە گەرمی پشوازییان لە کاروانی گروپەکە کرد و دواتر ئەندامانی ئەو گروپە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە لە گوندی ئوزوملو دەستیان بە گێڕانی ئاھەنگ کرد و بە لێدانی دۆڵ و زۆڕنا بەرەو ھەرێمی کوردستان بەرێکەوتن.
دوای رێپیوانێکی دوو کیلۆمەتری، دانیشتوانی ناوچەکە سەردانی ھێزی پێشمەرگەیان کرد و لەگەڵ ئەوانیشدا دەستیان بە ھەڵپەڕکێ و شایی کرد. دواتر ئەندامانی گروپی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەکاری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان رێکخست.
سەروەت تاش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا لە سەر ناوی گروپەکە رایگەیاند: بۆ بەرگرتن لە کوشتنی ساڵانەی قاچاخچی و کاسبکارەکانی سەر سنور لە ناوچەکەدا کردنەوەی ئەو دەروازە سنورییە گرنگە.
سەروەت تاش گوتی: "چاوپێکەوتنی سەرۆکوەزیرانی تورکیا و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە دیاربەکر بوو بە خۆشخاڵی ھەموومان و بۆ ئێمە لە دایک بوونێکی نوێیە، بۆیە ئەو سەردانە و کردنەوەی دەروازەی سنور بۆ بووژانەوەی ئابووری ناوچەکە و رەخساندنی ھەلی کار و بەرگرتن لە کوشتنی کاسبکار و قاچاخچییەکانی سەر سنور، زۆر گرنگە و بە گردبوونەوەی ئەمڕۆی خۆمان دەمانەوێ باس لە ھەژاری خەڵکی ناوچەکە بکەین و لەلایەکی دیکەوە داوای کردنەوەی بە پەلەی ئەو دەروازە سنورییە دەکەین."
تاش رایگەیاند: خزم و کەسوکاری ئێمە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن، دەتوانین بە دوو سەعات بگەینە لایان، بەڵام بەھۆی نەبوونی دەروازی سنور ناچارین ماوەی چەندین سەعات بە پێ بڕۆین تا بگەینە لایان، ئەگەر لە رێگای وشکاییەوە بمانەوێ سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەین ناچارین بۆ ماوەی حەفت کاتژمێر بە پێ بڕۆین، بەڵام ئەگەر دەروازەی سنور بکرێتەوە دەتوانین لە دوو سەعاتدا بگەینە دھۆک.
تاش جەختی لەوەش کردەوە کردنەوەی دەروازەی سنور دەبێتە ھۆکاری بەھێزتر کردنی متمانەی نێوان ھەردوولا و دەبێ ئەو گۆڕ و تینەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و خزم و کەسەکانمان لە باکووری عێراق کە بە ھۆی قۆناغی چارەسەرییەوە دەستیپێکردووە بەردەوام بێ.