سلێمانی
بەگوێرەی ئامارەکە لەماوەی دە مانگی دوایی دا ھەزار و ٨٨ حاڵەتی توندوتیژی لەسنوری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، ئەوەش بەبەراورد لەگەڵ دە مانگی ساڵی رابردوودا ھەزار و ٢٢٥ حاڵەت کەم بۆتەوە.
ئەمڕۆ دووشەمە بەرپرسی بەشی پلاندانان لەبەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەسلێمانی ھێمن عەبدولقادر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ھۆکاری کەمبونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی بۆ بەردەوامی ھەڵمەتەکانی ھۆشیاری گەڕاندەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە لەماوەی ئەو ١٠ مانگەدا واتە لە ١-١-٢٠١٣ تا ٣٠-١٠-٢٠١٣ حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سلێمانی بەم شێوەیە بووە:
کوشتن ٣ حاڵەت، خۆکوشتن ٢، خۆخنکاندن ٦، سوتان ٥٠، خۆسوتاندن ١٧، لێدان ٤١٤، ھەڕەشە ٢٢٨، شەڕ ٣، ھەڵخەڵەتاندن ٥، مۆبایل ٤٥، جنێودان ٣٨، بەزۆر بەشودان ١، دەرمانخواردن ١٩، سوکایەتی ١٢٢، توندوتیژی دەرونی ٢١، ڕێگری لەشوکردن ٨ و لێسەندنەوە ١١ حاڵەت بووە.
ڕفاندن ٦ حاڵەت، ھەوڵی کوشتن ٥، ھەوڵی خۆکوشتن ٣، بێزارکردن ١٥، بەدڕەوشتی ٤٤، لاقەکردن ٤ و ناپاکی ھاوسەرگیری ١٨ حاڵەت بووە.
لەئامارەکەدا ھاتووە شوێنی حاڵەتی توندوتیژییەکان سەدا ٥٤ی لەسەنتەری پارێزگا و سەدا ١٨ی لەقەزاکان و سەدا ٢٨ی لەناحیەکان بووە.
ئاماری ھۆبەی بەدواداچونی بەڕێوەبەرایەتییەکەش لەماوەی ئەو ١٠ مانگەدا بریتی بووە لە ٢٢٤ حاڵەتی توندوتیژی کە ٦٥ کێشەیان چارەسەرکراوە، ١٥٩ حاڵەتیان بەردەوامە، ٢٨ حاڵەتیان پارێزەری بۆ دابین کراوە، ٦٩ حاڵەتیش ڕەوانەی دادگا کراوە.