ئابووری, عێراق, رەمەزان مانگی رەحمەت و بەرەکەت

پێدانی مووچە ئامادەکارییەکانی بۆ جەژنی ڕەمەزان گەرمکردووە

بازاڕەکانی ھەرێم لەم مانگەدا، تا درەنگانی شەو کراوە دەبن و خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن، بۆ ئەمساڵیش بەهۆی پێدانی دوو مووچە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا، وایکردووە کە خەڵک زیاتر کڕین بکەن و بازاڕەکان جمەیان دێت.

Heman Hussein Yaseen  | 08.04.2024 - نوێکردنەوە : 10.04.2024
پێدانی مووچە ئامادەکارییەکانی بۆ جەژنی ڕەمەزان گەرمکردووە

Arbil

هەولێر - AA

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، موسڵمانان ئامادەکاری بۆ جەژن و پێشوازیکردن لە میوانان دەکەن، هەر بۆیەش لەم ماوەیەدا دەست دەکەن بە کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکان.

موسڵمانان لەدوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان، ماوەی سێ ڕۆژ خۆشی دەگێڕن و بەجلوبەرگی نوێیەوە سەردانی یەکتر دەکەن و مێزەکان بە چەرەزات، شیرینی و شەربەت بۆ میوانان دەڕازێننەوە.

بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان-عێراق لەم مانگەدا، تا درەنگانی شەو کراوە دەبن و خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن، بۆ ئەمساڵیش بەهۆی پێدانی دوو مووچە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا، وایکردووە کە خەڵک زیاتر کڕین بکەن و بازاڕەکان جمەیان دێت.

چەرەزاتفرۆش لە بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر عەدنان کۆیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە لەو دە ڕۆژەی دواییدا خەڵک دێتە بازاڕ، ئەمساڵ تا نیوەی ڕەمەزان بازاڕ سست بوو، هەندێک بۆ ئێمە ناخۆش بوو، نیگەران بووین چونکە بابەتی زۆرمان هێنابوو بەڵام فرۆشمان نەبوو، دواتر بەهۆی پێدانی مووچەی مانگی شوبات و مانگی ئادار، بازاڕ بوژانەوەی بەخۆیەوە بینی و تا درەنگانی شەو خەریکی بەڕێکردنی موشتەرییەکانمانین".

لەبارەی نرخیشەوە، عەدنان کۆیی گوتی: "ئەمساڵ بابەتەکان هەرزانتر بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بۆ نموونە یەک کیلکۆ فستق بە ٢٠ هەزار دینار بووە، ئێستا بووەتە ١٨ هەزار دینار، ئەمە پەیوەندی بە بابەتی دۆلارەوە هەیە، هاوکات دابەزینی نرخەکانیش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕ هەبووە".

هاوکات یەکێک لە کڕیارەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی خراپی باری داراییەوە، بابەتی گولەبەڕۆژەیان تێکەڵ بە فستق و بادام کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی دابەشکردنی دوو مووچە، هەموو بابەتەکان بە جیا بۆ میوانەکان دەکڕێت.

کڕیار، دلێر ساڵح لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هاتوومە بۆ کڕینی چەرەزات، وەک هەموو ساڵێک پێشوازی لە میوانەکان دەکەین، زیاتر خواستمان لەسەر چەرەزات و بابەتی تێکەڵە هەیە، ساڵی ڕابردوو مووچە خراپ بوو بۆیە گولەبەڕۆژەمان لەگەڵ چەرەزاتی فست و بادام تێکەڵ دەکرد، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە باشترە و هەر تێکەڵەی فستق و بادام بۆ میوانەکان دادەنێین".

حاجی بەکر چاوشین، ماوەیەکی زۆرە دوکانی فرۆشتنی چەرەزات و شیرنەمەنی هەیە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک لە هەموو کاتەکان خواستی لەسەر شیرینی و چەرەزات هەیە بەڵام لە جەژندا بووەتە مەرج کە دەبێت لەبەردەم میوانەکان دایبنێین.

چەرەزاتفرۆش حاجی بەکر چاوشین گوتی: "ماوەی دوو ڕۆژە بازاڕ بوژاوەتەوە، هۆکارەکەیشی بۆ دابەشکردنی مووچە دەگەڕێتەوە، هەروەها نرخەکانیش وەک خۆیەتی و خەڵک لێی ڕازییە، بۆ نموونە، ئێستا موشتەری لە بری یەک کیلۆ چەرەزات، دوو کیلۆ چەرەزات دەکڕی و لە هەموو بابەتەکانی دیکەش هەروایە".

کڕینی جلوبەرگ یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی پەیوەست بە جەژن و بۆنەکانە، خاوەن دوکانێکی جلوبەرگفرۆشتن، ئاماژە بەوە دەکات کە تا بیستەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان فرۆشتنی نەبووە بەڵام لەم دە ڕۆژەی دواییدا بازاڕ گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیووە.

جلوبەرگفرۆش محەمەد سەلام بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا بیستی مانگی ڕەمەزان خەڵک بێ ئومێد ببوو چونکە دۆخی ئابووری و گوزەرانی خراپ بوو، بەڵام لەگەڵ دابەشکردنی دوو مووچە بەیەکەوە خەڵک زیاتر ڕووی لە بازاڕ کرد، بۆ نموونە لە سەرەتای ڕەمەزان تا بیستەم ڕۆژی ڕەمەزان من بایی یەک ملیۆن دینار فرۆشتنم نەبوو، بەڵام لەگەڵ دابەشکردنی مووچە سەد لە سەد بازاڕ گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی و موشتەرییەکان سەردانمان دەکەن".

لەبارەی نرخەکانیشەوە، محەمەد سەلام گوتی: "نرخەکان دابەزیووە، چونکە خەڵک بابەتی بە قەرز هێناوە، دەیەوێت زوو پارەکەی بگاتەوە دەستی و بیداتەوە قەرزەکەی".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın