Hemn Baban
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2017
هه‌ولێر - AA
به‌پێی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هەرێمی کوردستان ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌كان كاریان ده‌كرد زیانی زۆرییان پێگه‌یشتووه.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت هیچ پێشڤه‌چوونێك له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كردنه‌وه‌ی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی له ئارادا نییه و چاوه‌ڕوانی گفتوگۆكانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نددان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌و دوو فڕۆكه‌خانه‌یه كه له زیاتر له دوو مانگ و هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه راگیراون.
له‌وباره‌یه‌وه گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان، ئومێد محه‌مه‌د ساڵح له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "له 29ی سێپته‌مبه‌ره‌وه گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی راگیراوه و تا ئێستا هیچ وتوێژێك له‌وباره‌یه‌وه نییه، ئێمه ئاماده‌ی دانیشتن و گفتوگۆین بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان، به‌ڵام ئه‌وان هیچ وه‌ڵامێكی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه، ئێمه پێش ئه‌و به‌رواره‌ش نووسراومان ناردووه بۆ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراقی فیدڕاڵ و بۆ ئه‌میندارێتی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی عێراقیش، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵیش باسكراوه به‌تایبه‌ت كه له‌لایه‌ن دوو وه‌زیری كورده‌وه باسییان كردووه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی".
هه‌روه‌ها گوتیشی "له پاش داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ئێمه له نووسراوهكانماندا و له راگهیهنراوهكانماندا رامانگه‌یاندووه ئێمه ئاماده‌ین له‌هه‌ر كوێیه‌ك و له هه‌ر كاتێكدا بێت له‌گه‌ڵ عێراق دابنیشین بۆ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان به‌فه‌رمی نه‌داوه‌ته‌وه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت له سه‌روبه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵیاندا وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق گوتی بڕیاری راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه ده‌رچووه نه‌وه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی كردنه‌وه و ده‌ستپێكردنه‌وه یان هه‌ر شێوازێكی دیكه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیشمان له‌م پرسه ئاگاداركردووه‌ته‌وه، ئێستا تۆپه‌كه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه".
بڕیاری راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان"چوون و هاتن" له هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه درا و له به‌رواری 29ی سێپته‌مبه‌ری رابردووەوە چووه واری جێبه‌جێ كردنه‌وه پاش مۆڵه‌تێكی نزیكه‌ی 72 كاتژمێری دێت له پێش جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه.
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا راگیراون، ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێم روونی ده‌كاته‌وه"گه‌شتێكی یه‌كجار زۆر راگیراوه، هه‌فتانه به‌ته‌نها توركش ئێر لاین نزیكه‌ی 100 گه‌شتی هه‌بوو، شاهانه‌ی ئوردنی نزیكه‌ی 30 گه‌شتی هه‌بوو، زۆرینه‌ی هێڵه‌كانی قه‌ته‌ری، دوبه‌ی، لۆفتانزا و هی دیكه‌ش رۆژانه گه‌شتییان هه‌بوو، ژماره‌كه‌ی زۆر بوو".
سه‌باره‌ت به‌و زیانه‌شی له ئه‌نجامی ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌تی عێراق کەوتوونەتەوە، ئومێد محه‌مه‌د ساڵح رایده‌گه‌یه‌نێت "زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زۆره و كاتی خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانیش باسییان لێوه‌كردبوو كه زیانییان زۆره و به ژماره‌ی نزیكی ئاماژه‌یان بۆ كردبوو، نه‌وه‌ك ته‌نها فڕۆكه‌خانه زیانی پێگه‌یشتووه، به‌ڵكو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌رتی تایبه‌تیش كه له فڕۆكه‌خانه كارییان ده‌كرد زیانییان پێ گه‌یشتووه، بۆ نموونه كۆمپانیای ته‌كسی، كارگۆ، كۆمپانیای خزمه‌تگوزاریی ئه‌مانه زه‌ره‌ر و زیانێكی ماددی زۆریان پێگه‌یشتووه".
ناوبراو له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه حكوومه‌تی عێراق له‌وه‌تی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی دروستكراون بڕه پاره‌ی پێویست له راگرتنی فڕۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانی عێراقی به‌م دوو فڕۆكه‌خانه‌یه نه‌داوه و نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار له‌و رووه‌وه قه‌رزاری هه‌رێمه.
ئومێد محه‌مه‌د ساڵح له‌و رووه‌وه ده‌ڵێت "له راستییدا هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك كه له‌هه‌ر فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك داده‌به‌زێت ده‌بێت بڕێك پاره بدات، ئەو بڕە پارەیە هه‌قی گه‌راجه، زه‌وییه‌كه، هه‌قی را‌گرتن و خاوێنكردنی و ئه‌وانه ده‌بێت بدرێت و به كاتژمێره، به‌ڵام تاكه هێڵ كه له‌وه‌تەی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی كراونه‌ته‌وه پاره‌ی نه‌داوه هێڵی عێراقییەیە، به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ناقلی نیشتمانیین، بۆیه پاره ناده‌ن، به‌ڵام به‌پێی یاسا ده‌بێت پاره‌كه بده‌ن، به پێشبینی ئێمه ئه‌و بڕه پاره‌یه له 30 ملیۆن دۆلار زیاتره".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت ده‌بوو هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه سكاڵای له‌سه‌ر حكوومه‌تی ناوه‌ند تۆماركردبا، ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه "ده‌بوو له دادگاكانی عێراق به‌تایبه‌ت دادگه‌ی فیدڕاڵی ئێمه سكاڵا تۆماربكه‌ن، كێشه‌كه ویستمان به دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌هه‌موو دانیشتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی بوون به وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌مان كردووه، به‌ڵام هیچ چاره‌سه‌ر نه‌كرا".
له كۆتایی قسه‌كانیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان له‌هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی په‌یوه‌ندیی به لایه‌نی سیاسییه‌وه هه‌یه، ئومێد محه‌مه‌د ساڵح ده‌ڵێت "په‌یوه‌ندیی به بارودۆخی سیاسیی هه‌یه، بۆچی ئه‌و بڕیاره ساڵێك یان چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر نه‌درا، هه‌ر وتوێژێك له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ست پێبكات یه‌كێك له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كان كردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو فڕۆكه‌خانه‌یه دەبێت".
له 25ی سێپته‌مبه‌ری ئه‌مساڵدا هه‌رێمی كوردستان پڕۆسه‌ی ریفراندۆمی ئه‌نجام دا و به‌و هۆیه‌وه عێراق كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی ئابووری و سه‌ربازی و سیاسیی له‌دژی هه‌رێمی كوردستان گرته‌به‌ر، له‌نێواندا راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی كه ئەمەش وایكردووه به‌شێك له كۆمپانیاكان نووسینگهكانییان دابخه‌ن و هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌کە ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی گه‌شته ئاسمانییه نێوخۆییه‌كان به‌كاربهێنرێت، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی زه‌مینییه‌وه به‌ره‌و توركیا رۆشت و دواتر له توركیاوه به فڕۆكه گه‌یشته پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا.