Yusuf Şahbaz
28 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2021
ئایدن - AA
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، فاتیح دۆنمەز، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەنجامی ئەو کارانەی گەڕان بە دوای نەوتدا لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا لە وشکانیی ئەنجامیانداوە، بیری نوێیان دۆزیوەتەوە کە بەرهەمی رۆژانەیان شەش هەزار و ٨٠٠ بەرمیلە. بەوەیش بەرهەمی رۆژانە گەیشتووەتە سەرو ٦٠ هەزار بەرمیل. ئامانج ئەوەیە لە ٢٠٢٣دا بگاتە ١٠٠ هەزار بەرمیل.
لە چوارچێوەی بەرنامەکانیدا لە پارێزگای ئایدن، دۆنمەز سەردانی پارێزگاری شارەکە، حوسەین ئاکسۆی کرد.
لە سەردانەکەیدا دۆنمەز باسی لە کارەکانی گەڕان بەدوای نەوت و غازی سروشتییدا کرد و، رایگەیاند ''ساڵی رابردوو گەورەترین دۆزینەوەمان لە مێژووی تورکیا و، لەسەر ئاستی جیهانیش گەڕانی ئۆف-شۆرمان لە قوڵایی دەریادا راگەیاند. تورکیا تەنیا لە دەریادا چالاکی گەڕان و بەرهەمهێنان ئەنجام نادات. ماوەیەکی زۆرە لە وشکانییش گرنگیی داوە بە چالاکی گەڕان. سوپاس بۆ خوا دەستمان کردووە بە چنینەوەی بەرهەمی ئەوانە. بەو دۆزینەوە نوێیانەی لە ماوەی مانگی رابردوودا چ لە باشووری خۆرهەڵات و چ لە تراکیا ئەنجاممانداوە، بەرهەمێکی رۆژانەمان بەبڕی شەش هەزار و ٨٠٠ بەرمیل زیاد کردووە. ساڵی رابردوو، تێکڕای ٥١ هەزار و ٦٠٠ بەرمیل بوو. بەو دۆزینەوەیەی ئەمساڵەوە گەیشتووەتە سەرو ٦٠ هەزار بەرمیل. ئامانجمان ئەوەیە لە ٢٠٢٣دا بگاتە ١٠٠ هەزار بەرمیل. ئەمە جگە لە دۆزینەوەکانی ئەم دوااییەی دەریای رەش، باس لە کێڵگەکانی ئێستا دەکەم لە وشکانییدا".
دۆنمەز ئاماژەی بەوەیش کرد کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کاری تەیبەت بەڕێوەدەبەن لەو کێڵگانەی پێشتر بەدوایاندا گەڕان و نەدۆزراونەتەوە و داخراون، لەوێش دەستیان کردووە بە دەستخستنی ئەنجام.
گوتیشی: ''بەو شێوەیە لە بیرێکی داخراودا نزیکەی ٤-٥ هەزار بەرمیل بەرهەممان دەستخست. بەردەوام دەبین لەسەر گەڕان. ئێمە بەڵێنێکمان هەیە؛ ئەوەی بگەڕێت دەیدۆزێتەوە. دیدێکیشمان هەیە کە دەوڵەمەندیی هایدرۆکاربۆن لە کایەی دەسەڵاتماندا لە وشکانیی و دەریادا دەدۆزینەوە و دەیخەینە خزمەتی گەلەکەمانەوە''.
هەروەها دۆنمەز باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ ئایدن کارەکانیان لە ناوچەکە بەسەرکردووەتەوە و، کێشەکانیان چارەسەر کردووە.