Hemin Hüseyin
22 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2017
هەولێر-AA
بە مەبەستی بە بازاڕکردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان و دانانی میکانیزمێک بۆ ساغکردنەوەی ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت لە حاڵەتی مانەوەی ئەو گەنمە لە هەرێمی کوردستان و وەرنەگرتنی بڕی پێویست لە لایەن حکوومەتی عێراق.
دوای کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی و سەرجەم بەڕێوەبەری سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عەبدولستار مەجید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و ئاماژەی بە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید گوتی: "ئەم کۆبوونەوەیە سەبارەت بە دوو بابەت بوو، یەکەمیان لەسەر ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە دیاریکردنی وەرگرتنی رێژەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و دووەمیان دۆزینەوەی میکانیزمی چارەسەرکردنی گرفتەکە، چونکە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت لە حکوومەتی هەرێم، عەلی سندی هەوڵی ئەوەمانداوە کە عێراق بڕی شایستەی گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە، حکوومەتی عێراق ساڵانە شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت، بۆ نموونە؛ حکوومەتی عێراق، ساڵی رابردوو بڕی گەنمەکەی زۆرتر وەرگرت بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر، ئەمساڵیش بڕی وەرگرتنەکە کەمترە لە ساڵی رابردوو".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "هەست دەکەین ئەو هەڵوێستانە هەڵوێستی سیاسیین و بە داخەوە حکوومەتی عێراق بارودۆخ و دەرفەتی قۆستووەتەوە و جار جاریش هەندێک زانیاری هەڵە دەدرێت بە بەغدا و ئەمەش بە زیانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاشکرای دەکات کە ئەمساڵ بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە کوردستان هەیە و حکوومەتی عێراقیش رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر وەرگرتنی کەمتر لە نیوەی ئەو رێژەیە کە ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت و سەبارەت بەم بابەتەش عەبدولستار مەجید گوتی: "لەگەڵ ئەوەی پێشبینی دەکەین ئەمساڵ بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەڵام حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ 442 هەزار تۆن لە هەرێم وەربگرێت ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان گەنم بدەن بە حکوومەتی عێراق و تەنها هەرێمی کوردستان بڕی وەرگرتنی بۆ دیاریکراوە".
عەبدولستار مەجید ئاماژەی بە پێشنیازەکانی ناو کۆبوونەوەکەش کرد و گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا پێشینازمان کردووە کە خودی سەرۆکوەزیران بێتە سەرخەت بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین ئەو کێشەیە لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەین، هەروەها ئێمە داوای بڕە پارەیەک لە حکوومەتی عێراق دەکەین بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی خۆمان، یان حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەشێکی وا فەراهەم بکات کە لە رێگای کۆمپانیاکانەوە، گەنم هەناردە بکەین".
سەبارەت بە رێککەوتنییان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هەناردەکردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید گوتی: "تاوەکو ئێستا رێککەوتنمان لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەک نییە و ئەو نرخانەی کە ئەوان دایدەنێن بۆ ئێمە ئەوا لە ئاستی پێویستدا نییە".
بە پێی قسەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، یەکێک لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە بریتیی بووە لەوەی کە هەر جۆرە گەنمێکی هاوردە، یان گەنمی رەنگکراو، بێتە ناو سایلۆ و پشتگیری وەزارەتی کشتوکاڵی نەبووبێت، ئەوا دەستی بەسەردا دەگیرێت و رادەستی دادگا دەکرێت.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەشکرد کە تاوەکو ئێستا 661 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران لە لای حكوومەتی عێراقی ماوە و ئاشکرایشی دەکات کە پێشبینی ئەوە دەکەن ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم بهێنرێت و گوتی: "تاوەکو ئێستا بڕی 661 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران لە لایەن حکوومەتی بەغدا ماوە و نەناردراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەین بۆ ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان هەبێت لەجۆری گەنمی ناعیمە".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە ئەگەر گومانییان هەیە لەو داتایانەی ئێمە بۆمان ناردوون ئەوا لێژنەیەک بنێرن بۆ لێکۆڵینەوە".
سەبارەت بە بڕی پارەی دیاریکراو بۆ هەر تۆن گەنمێک، عەبدولستار مەجید گوتی: "بۆ گەنمی نمرە یەک بۆ یەک تۆن بڕی 560 هەزار دینار و بۆ گەنمی نمرە دوو بڕی 480 هەزار دینار و بۆ گەنمی نمرە سێ بڕی 420 هەزار دینار دیاریکراوە".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتیشی: "زۆر شت لە هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەچێت و ئێمەش دەتوانین لەو رێگایەوە فشار بخەینە سەر بەغدا، بەڵام هیوادارین نەگاتە ئەو بابەتانە و لە رێگای گفتوگۆ کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێت".