Burhan Sansarlıoğlu
19 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2023
ئیستانبوڵ – AA
لە میانی پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تورکیا هەناردەکردنی کاڵا و شتومەکی تورکی بۆ ئیمارات و سعوودیە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەرزبوونەوەیەکی زۆری بە خۆیەوە بینیووە.
پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە خواست و داواکاری لەسەر کاڵا و شتومەکی تورکی زیاتر کردووە.
بەپێی ئەو داتایانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا کۆی کردوونەتەوە، هەناردەکردن لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو لە تورکیاوە بۆ ئیمارات، ٢٦٢ ملیۆن و ٧٢٢ هەزار دۆلار زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیار و ٢٣ ملیۆن دۆلار.
هەروەها هەناردەکردن لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو لە تورکیاوە بۆ سعوودیە، ٥٤١ ملیۆن و ٩٠٦ هەزار دۆلار زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٦١١ ملیۆن و ٨١٦ هەزار دۆلار.
بەم جۆرە لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی کاڵا و شتومەکی تورکییان بە بەرزترین رێژە کڕیووە سعوودیە لە ریزی دووەم و ئیمارات لە ریزی چوارەمدا دێن، هەروەها لە لیستی ئەو وڵاتانەیش کە زۆرترین کاڵا و شتومەکی تورکییان کڕیووە ئیمارات لە ریزی ١٣ەمین و سعوودیە لە ریزی ٢١ەمیندا جێگە دەگرن.
پشکی لەسەدا ١،٧ کاڵا و شتومەکی تورکی کڕدراو بەر ئیمارات و پشکی لەسەدا یەکیش بەر سعوودیە دەکەوێت.
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کڕینی خشڵی تورکی لەلایەن ئیمارات و کڕینی فەرش لەلایەن سعوودیە پشکی شێریان بەرکەوتووە.