Dlshad Saifaalddin Ahmed
29 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2019
سلێمانی ـ AA
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بێگەرد تاڵەبانی لە پەراوێزی بەشداریكردن لە دیدارێكی كشتوكاڵی لە شاری سلێمانی و لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن لە بارەی پلانی وەزارەتەكەی بۆ پێشخشتنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان قسەی كرد.
بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "وەك وەزارەت سەرقاڵی دیدار و كۆبوونەوەكانی خۆمانین، دەمانەوێت پلانێكی واقیعی دابڕێژین و لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا بتوانین جێبەجێی بكەین، هەروەها دڵنیایی بدەین بە جووتیارانی خۆمان كە لە هەرێمی كوردستان سیاسەتی وەزارەت بۆ چوار ساڵی ئایندە گرنگیدانە بە بەروبوومی نێوخۆیی".
بێگەرد تاڵەبانی هەروەها گوتی: "دەمانەوێت لە چوارچێوەی پلانەكەمان كار بكەین لەسەر بەهەمەجۆركردنی بەروبوومی كشتوكاڵی بەپێی تایبەتمەندی ناوچەكان و بەبازاڕكردنی بەروبوومی جووتیاران و بەپیشەسازیكردنی خۆراكی، بۆ ئەو مەبەستەش دەرگا بۆ وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەكەینەوە".
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بێگەرد تاڵەبانی پلانەكانی وەزارەتەكەی زیاتر روونكردەوە و گوتی: "پلانەكانمان دوو ئاست لەخۆ دەگرێت، پلانێكیان ئەوەیە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا وەزارەت چۆن دەتوانێت بەرجەستە و جێبەجێی بكات و رەنگدانەوەی هەبێت، پلانی دووەم ئەوەیە كە دەمانەوێت بۆ دوای ئەم چوار ساڵە بەردێك لەسەر پیشەسازی دابنێین و كابینەكانی داهاتووش بتوانن كاری لەسەر بكەن".
بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی گوت "وەزارەت سەرقاڵی ئەوەیە بەپێی وەرزەكان و پێگەیشتنی بەروبوومی ناوخۆیی پشتیوانی زیاتری جووتیاران بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لەئێستادا بڕیار دراوە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە هاوردەكردنی هەناری دەرەوە قەدەغە بكرێت".
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد کە لە ئایندەیەكی نزیكدا حكوومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2020 ئامادە دەكات، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵ دەدەن پشكی گونجاو بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ دابنرێت.