Hawkar Yaseen
26 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2021
هەولێر AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر پێشوازیی کرد لە وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەمەد مووش و شاندی یاوەری.
لە دیدارەکەدا، هەریەک لە وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم و وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف و جێگری وەزیری بازرگانیی تورکیا، رەزا توناتورەگای و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونای ئامادەبوون.
ئێوارەی دوێنێ دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەمەد مووش لەڕێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێم، کەمال موسلیم پێشوازی لێ کرا، ئەمڕۆش لە دەستپێکی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاریشە بەجیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف و ژمارەیەک لە پیاوانی کاری تورکیا لە هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
ھاوکات بڕیاروایە وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەمەد مووش لە بەشێکی سەردانەکەیدا، بەشداری بکات لە دیداری کاریی تورکیا-عێراق کە بە بەشداری پیاوانی کاریی تورکیا و عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
وەزیری بارزگانیی تورکیا، محەمەد مووش لە کاتی وەرگرتنی ئەرکی وەزارەتی بازرگانییەوە لە چوارچێوەی ئەو گرنگییەی کە دراوە بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، بۆ دووەمجارە سەردانی عێراق دەکات، پێشتر لە ١٨ی ئابی رابردوودا، سەردانی بەغدای کردبوو و لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و ھاوتاکەی عەلا جبوری و وەزیری گواستنەوە، ناسر حوسێن بەندەر شبلی کۆبووبووەوە و دوێنێش بە سەردانێک گەیشتە ھەرێمی کوردستان.