ئابووری, تەكنەلۆجيا و زانست, عێراق

نۆیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ ئۆتۆمبێل کرایەوە

لە پێشانگاکەدا ھەشت کۆمپانیای گەورەی ئۆتۆمبێل کە لە ١٣ بڕاند پێکھاتوون، بەشدارن.

Heman Hussein Yaseen  | 29.02.2024 - نوێکردنەوە : 07.03.2024
نۆیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ ئۆتۆمبێل کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

نۆیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگ و پێداویستی ئۆتۆمبێل بە بەشداری ١٢٠ کۆمپانیا لە نێویاندا ٦٠ کۆمپانیای وڵاتی چین کە تایبەتن بە پارچەی یەدەگ و لە ٣٠٠ بڕاند پێکھاتووە، کرایەوە.

لە پێشانگاکەدا ھەشت کۆمپانیای گەورەی ئۆتۆمبێل کە لە ١٣ بڕاند پێکھاتوون، بەشدارن و پێشانگاکە ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە پێشانگاکەدا، چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها و مۆدێلە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێل بە تایبەتمەندە جیاوازەکانەوە نمایشکراون لە نێویاندا ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانیش هەن هاوکات ئامێرە بارگاویکردنەکانی ئۆتۆمبێلش وەک پارچەی یەدەگ نمایشکراون.

بەڕێوەبەری فرۆشتن لە بڕاندی لاندرۆڤەر لە کۆمپانیای سەردار، محەمەد بەشیر ئاماژە بەوە دەکات کە ویستیان وایە لەمیانی ئەو چوار ڕۆژەدا، ژمارەیەکی زۆر لە خوازیارانی ئۆتۆمبێل سەردانیان بکەن و لە نزیکەوە جۆرە نوێیەکەی ئۆتۆمبێلی ڕەنجڕۆڤەر ببینن.

بەڕێوەبەری فرۆشتن لە بڕاندی لاندرۆڤەر لە کۆمپانیای سەردار، محەمەد بەشیر، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەین بە چەند بڕاندێکی جیاواز، ئێمە لێرە لە بەشی لاندرۆڤەر و جاگوارین، چەند مۆدێلێکی نوێ و تایبەتمان نمایشکردووە و ھیوادارین جێگای سەرنجی سەردانیکاران بێت".

لەبارەی تایبەتمەندی و نرخی ئۆتۆمبێلەکانیش، محەمەد بەشیر گوتی: "ئۆتۆمبێلەکان جیاوازن بۆیەش نرخەکان لە ٨٥ ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات تا ٥٠٠ ملیۆن دینار کە گرانترین ئۆتۆمبێلە لە بەشەکەی ئێمە، چونکە تایبەتمەندی ئەو ئۆتۆمبێلانە جیاوازە و سەلامەتە لە لێخوڕین، ھەروەھا شوفێریش ھەست بە ئاسوودەیی دەکات".

محەمەد بەشیر گوتیشی: "بەھۆی ئەوە بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار ناجێگیر بوو، بۆیەش لە ساڵی رابردووەوە نرخی ئۆتۆمبێلەکانمان لە دۆلارەوە گۆڕی بۆ دینار، چونکە ناجێگیری بەھای دینار کاریگەری لەسەر نرخی ئۆتۆمبێلەکان دروست دەکرد".

لەسەدا ٥٠ی کۆمپانیا بەشداربووەکان، کۆمپانیاکانی وڵاتی چینن و لە ئێستاشدا ئۆتۆمبێلی چینی لە شەقامەکاندا دەبینرێت و بەڕێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای ئێم جی، فواز فەرھاد ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی نرخەکەیەوە، خەڵک وەڵامی ئەرێنیی ھەبووە بۆ بەکارھێنانی ئۆتۆمبێلەکانی ئێم جی.

بەڕێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای ئێم جی، فواز فەرھاد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆمپانیای ئێم جی، زیاتر لە دە جۆر ئۆتۆمبێلی ھەیە، ئەم ئۆتۆمبێلانە کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیاوازیان تیادایە، ئۆتۆمبێلەکە بە بەنزینی جۆری موحەسەن ھیچ کێشەیەکی نییە، ھەروەھا زەمانەتی شەش ساڵ یان ٢٠٠ ھەزار کیلۆمەتری بۆ کڕیارەکان لەگەڵدایە".

لە پێشانگاکەدا کۆمپانیای ئێم جی نوێترین ئۆتۆمبێلی خۆی نمایش کرد لە جۆری ئێم جی وێڵ کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی تیادایە و دیزاینەکەی لە نەھەنگەوە وەرگیراوە. بزوێنەرێکی ٢٠ی تۆڕبۆی ھەیە کە گرانترین جۆری ئێم جییە و نرخەکەی ٤٠ ملیۆن دینارە.

لەبارەی نرخەکانیشەوە، فواز فەرھاد گوتی: "ئۆتۆمبێلەکانمان نرخەکانییان جیاوازە، لە ١٧ ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات تا ٤٠ ملیۆن دینار".

پێشانگاکە ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ تا ٧ی ئێوارە کراوەیە، جگە لە جۆرەکانی ئۆتۆمبێل ھاوکات پارچە و کەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێلیش نمایشکراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın