جيهان, ئابووری, عێراق

ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرت

وەزارەتی کارەبای عیراق رایگەیاند کە ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق ڕاگیراوە و بەھۆیەوە ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لەبەغداو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق چوار ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە.

Zana Natık Kerem  | 29.02.2024 - نوێکردنەوە : 03.03.2024
ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرت

Arbil

ھەولێر ــ AA

بەھۆی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لەبەغداو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق چوار ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە.

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "لە کاتێکدا، خەریکە ھەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ چاککردنەوەی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا تەواو دەبن، بۆ ئەوەی لە ھاوینی داھاتوودا کارەبای پێویست بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەین، بەڵام جارێکی دیکە ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق ڕاگیراوە".

ڕاشیگەیاندووە کە بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێرانەوە، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لەبەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق چوار ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە.

وەزارەتی کارەبای عیراق باسی لەوەشکردوە، رێوشوێنی بەپەلەیان گرتوەتەبەرو لەسەر ئاستی باڵا ھەماھەنگییان لەگەڵ وەزارەتی نەوت کردوە بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لە سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغداو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور دابین بکات، تا بتوانرێت کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوەی پێی قەرەبوو بکرێتەوە تا ئەو کاتەی دووبارە ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق دەست پێ دەکاتەوە.

عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق رادەگرێت.

لە ساڵانی رابردوودا، عێراق لە پاڵ ھاوردەکردنی غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، ھەروەھا ھەزار و ٢٠٠ میگاوات کارەبای ھاوردە کردووە.

لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دژبە نەبوونی کارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش کە پلەکانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دەگاتە ٤٣ پلەی سەدی و ھەندێک جارە دەگاتە ٤٨ پلەی سەدی.

لە ساڵی٢٠٢٢دا، حکوومەتی عێراق ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سعوودیە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا واژوو کرد کە بەپێی یاداشتنامەکان، ھەردوو وڵات بە تۆڕی کارەبا دەبەسترێنەوە.

عێراق ھەوڵی ھەمەجۆڕکردنی سەرچاوەکانی ھاوردەکردنی کارەبا دەدات، دوای ئەوەی لە میانی ساڵانی رابردوودا، بۆ دابینکردنی کارەبا تەنھا پشتی بە ئێران بەستبوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın