Firdevs Yüksel
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
ئیستانبوڵ - AA
لە بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٨٥ دۆلار و ٤٢ سەنت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٨٦ دۆلار و شەش سەنت و رۆژەکەی بە ٨٤ دۆلار و ٩٣ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٤٦ی ئەمڕۆ نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،٥٨ هەڵکشانیان بەخۆبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٨٥ دۆلار و ٤٢ سەنت فرۆشرا.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٨٠ دۆلار و ٩١ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بڕیارەکەی گرووپی ئۆپیک پڵەس، سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، کاریگەریی بەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبوو.
رۆژی یەکشەممە نۆ وڵاتی ئەندام لە گرووپەکە کە سعوودیە و رووسیا دیارترینیان بوون، بڕیاریاندا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە مانگی ئایاردا، نزیکەی ١،٦ ملیۆن بەرمیل کەم بکەنەوە.
دوێنێش جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک لە میانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرمی وڵاتەکەی باسی لەوە کرد کە لەناو گرووپی ئۆپیک پڵەس ٢٣ وڵات هەن و ئەگەر وڵاتەکانی دیکەش بە پێویستی بزانن دەکرێت بەشێوەیەکی خۆبەخش بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن.
بە بڕوای پسپۆڕانیش لە دوای لابردنی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا لە چین خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت زیادی کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لە کەمی خستنەبازاڕی نەوت.
لە لایەکی دیکەشەوە زیادبوونی نرخی نەوت لە دوای بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، جارێکی دیکە نیگەرانی ئەوەی دروست کردووە کە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسانی بازاڕ.
بە بڕوای پسپۆڕان، زیادبوونی نرخی نەوت لەئێستادا دەبێتە هەڕەشەیەکی نوێ لەسەر ئابووری جیهان کە رووبەڕووی گرفتەکانی زیادبوونی رێژەی سوو و قەیرانی بانکداریی بووەتەوە.
ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە، خاوی برێنت لەنێوان ٨٥ دۆلار و ٥٨ سەنت بۆ ٨٦ دۆلار و ٢٢ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٨٤ دۆلار و ٩٤ سەنت بۆ ٨٤ دۆلار و ٣٠ سەنت بمێنێتەوە.