Merve Özlem Çakır
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا بەتۆمەتی پەیوەندی هەبوون لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/کەجەکە، داعش و پارتی کۆمۆنیستی مارکسیست-لێنینیست "MLKP"، سامانی ژمارەیەک کەس و کۆمپانیای بلۆک کرد.
"بڕیاری بلۆککردنی سەروەت و سامان" کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیاوە ئامادە کرا لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە.
لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە سامانی هەریەک لە لەزگین ئۆرنەک، ئایفەر بەکلەن، نەسیلهان زەرای، مایەر فیوکس سوزان، شمێت پیا باربارا، جۆمەرت ئاردچ و بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندییش لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی مارکسیست-لێنینیست "MLKP"، سامانی حەسەن داغدەلەن لە تورکیا بلۆک کراوە.
هەروەها بڕیار درا سامانی هەریەک لە نیڤین حەمیدە، سوبحی حەمیدە، شاکر حوسەینی، محەمەد عەبدولواحید، محەمەد واقی و عومەر واقی و کۆمپانیاکانی دیزۆفت بۆ تەکنەلۆجیا، کۆمپانیای کارگۆی شام ئێکسپرێس، تەیبەت ئەلمەدینە بۆ بازرگانیی دەرەکی و کۆمەلەی خێرخوازی سانجاک بۆ هاوکاری مرۆیی و کاروباری کۆمەڵایەتی بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بلۆک بکرێن.