Firdevs Yüksel
04 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2021
ئیستانبوڵ- AA
نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٥٩ دۆلار و ئەمەش بەرزترین نرخە لە ماوەی ساڵی رابردوودا پێی گەیشت بێت.
دوێنێ خاوی برێنت بە ٥٨ دۆلار و ٦٩ سەنت رۆژەکەی تەواو کرد و کاتژمێر ١٠:٤٨ی ئەمڕۆ، نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،٥٤ بەرزبوونەوەیان بەخۆوەبینی و گەیشتە ٥٩ دۆلار و یەک سەنت.
بەم بەرزبوونەوەیەش نرخی نەوت لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠وە تا ئێستا، بەرزترین نرخی تۆمار کرد.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٥٦ دۆلار و هەشت سەنت فرۆشرا.
کۆبوونەوەکەی دوێنێی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپیک" و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە و پابەندبوونیان بە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبووە.
لە پێنجی کانوونی دووەمی رابردوودا، سعوودیە ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆ پشتیوانیکردن لە وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپیک لە مانگەکانی شوبات و ئاداردا، رۆژانە بە قەبارەی یەک ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنان کەمدەکەنەوە.
دوای ئەم بڕیارەی سعوودیە، وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک قەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە مانگی شوباتدا بە هەشت ملیۆن و ١٢٥ هەزار و لە مانگی ئاداردا بە هەشت ملیۆن و ٥٠ هەزار دیاریی کرد.
لە لایەکی دیکەشەوە یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠وە تا ئێستا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و ئەمەش وایکردووە خواست لەسەر نەوت زیادبێت و نرخەکان بەرزتر ببنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا بڵاویکردونەتەوە، یەدەگەکانی نەوت لەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی، یەک ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە و بۆ ٤٧٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە.