Muhammet Kurşun
04 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2021
تاران - AA
وەزیری بەرگریی ئێران، ئەمیر خاتەمی رایگەیاند کە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆیان، تیرۆریزم وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئێران، ئەمیر خاتەمی بەشداریکردووە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی وڵاتانی کەناردەریای زەریای هیندی (IORA) کە لە شاری بانگالۆر ناوەڕاستی هیندستان بەڕێوەچوو.
ئەمیر خاتەمی لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی زەریای هیندی وەک دەروازەیەکی پەیوەندی دەبینێت کە کراوەتەوە بەڕووی دەریادا و بە پێویستیشی زانی کە ئەو وڵاتانەی دەڕوانە سەر زەریاکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە سوودمەندبن لە خێروبێری زەریاکە.
وەزیری بەرگریی ئێران باسی لە کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی ئەلموهەندس کرد لە هێرشێکی ئەمریکادا و گوتی: ''ئەمریکا و رژێمی زایۆنیست (ئیسرائیل) هەر کات هەلیان بۆ بڕەخسێت، تیرۆریزم وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆیان''.
ئەمیر خاتەمی ئەوەشی خستەڕوو کە ئێران لەسەر کەنداو و دەریای عومان کەناراوێکی درێژی هەیە و کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی ستراتیجیی کردووە و لە زەریای هیندیشدا لە رێگەی دەریاییەوە بەستراوەتەوە بە قەفقاز، ئەورووپا و خۆرئاوای ئاسیاوە.