Zeynep Rakipoğlu
04 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
ئیستانبوڵ - AA
یەکێتیی کۆمەڵەکانی بە بەهاکردنی مرۆڤ (İnsana Değer Veren Dernekler Federasyonu)، بانگەوازی کۆمەککردنی بەپەلەی بۆ ئاوارەکانی سووریا کرد کە لە سووریا لە دەست جەنگ هەڵاتوون و پەنایان بردووەتە بەر لوبنان و لەوێ لەژێر خیوەتدا لە هەلومەرجی سەختی زستاندا، ژیان بەسەر دەبەن.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن یەکێتییەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکەی ٦٠ هەزار خێزانی سووریا کە لە دەست شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە ٢٠١١ سەریهەڵدا هەڵاتوون و پەنایان بۆ شاری عیرسال خۆرهەڵاتی لوبنان بردووە، بەهۆی کەشی ساردی زستان، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن.
سوورییەکان کە لەنێو شەش هەزار و ٥٠٠ خیوەتی ناو ١٥٠ کەمپ لە عیرسال دەژین کە ناوچەیەکی شاخاوییە و هەزار و ٤٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٥ هەزار کەسە، لەو خیوەتانەدا هەوڵی مانەوە لە ژیان دەدەن کە بەرگەی باران و بەفر ناگرن، بەتایبەتی منداڵ، نەخۆش و کەسە بەتەمەنەکانیان کە لە دۆخێکی زۆر سەختدا ژیان دەگوزەرێنن.
لە راگەیەندراوەکەدا لێدوانی تیمی یەکێتییەکە خراوەتەڕوو کە لە کەمپەکاندا کاری مەیدانی بەڕێوەدەبەن و دەڵێن ''لەو کەمپانەدا کە تیایاندا بەفر بەچڕی دەبارێت، لافاو هەڵدەسێت و هەژارییەکی زۆر هەیە، دانیشتوانەکەی چاوەڕوانی کۆمەک و هاوکارین چونکە بێ بەشن لە سەرەتاییترین پێداویستی ژیان. لە خیوەتەکانی عیرسال-دا تراجیدیا روو دەدات. دەیان هەزار خێزانی سووریا پێویستیان بە خۆراک، پێخەف، سووتەمەنی و پێداویستی زستانە هەیە''.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر خەڵکی لە ناوچەکەدا، بەهۆی سەرماوە رەق بوونەتەوە، ئاماژە بەوەیشکراوە کە بۆ ئەوەی تراجیدیایەکی دیکە بەهۆی پەتا یان سەرماوە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە بەپەلە هاوکاری و کۆمەک بگەیەندرێتە ناوچەکە.