Hawkar Yaseen
07 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2020
هەولێر AA
کاریگەرییە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر نرخی زێڕ رەنگدانەوەی بە ئاشکرا لە بازاڕەکانی جیهاندا دەرکەوتووە، ئێستا بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەهایەکی پێوانەیی تۆمارکردووە کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبینراوە.
لە بازاڕی هەرێمی کوردستانیش رۆژانە نرخەکەی روو لە هەڵکشان و بەرزبوونەوەیە، ئەمەیش پێچەوانەی قەیرانی دارایی و گرفتی بێ پارەیی خەڵکە، چونکە لە هەموو شتێکدا ئەگەر زەرەرمەند بووبن زێڕەکانیان قەرەبوویان بۆ دەکاتەوە، ئەمە وای کردووە ئێستا بازاڕی فرۆشتنی زێڕ گەرم بێت و خەڵک وەک ماڵی سپی بۆ رۆژی رەش سەیری بکەن.
بەگوتەی زێڕنگەرانی بازاڕی قەیسەری هەولێر، ئێستا لەسەدا ٩٥ی بازاڕەکەیان کڕینەوەی زێڕی هاووڵاتییانە و لەسەدا پێنج زێڕ بە خەڵک دەفرۆشن، ئەم دۆخە بازاڕی هاوردەکردنی زێڕی پێچەوانە کردووەتەوە، چونکە ئەوەی لە هاووڵاتییانی دەکڕن دەینێرنەوە دەرەوەی وڵات کە جاران ئاراستەی مامەڵەکە پێچەوانە بوو.
هۆشیار مەلا یاسین یەکێک لە زێڕنگەرە ناسراوەکانی ناو بازاڕی قەیسەری هەولێرە دەربارەی بازاڕ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهاندا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، چونکە گەشتی فڕۆکەخانەکانی راگرتووە بەمەیش هەموو شتێک راوەستاوە لە دنیادا کۆمپانیا گەورەکانی بوارەکانی نەوت، ئۆتۆمبیل، مۆبایل، ئەلیکترۆنیات و ئەو کۆمپانیایانەی کە سەرمایەکەیان بە ملیارەها دۆلارە کاری خۆیان وەستاندووە و لە بۆرسەکاندا دەستیان کردووە بە کڕینی زێڕ، چونکە زێڕ دڵنیایی زیاتری تێدایە و هێزە بۆ بەهادان بە هەموو پارەیەک و بەو مامەڵەیە سەرمایەکانیان دەپارێزن".
ئەو زێڕنگەرە پێی وابوو بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت و گوتی: "هەتاوەکو پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕ بەردەوام بێت، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیش بەردەوام دەبێت".
ئێستا لە بازاڕدا خەڵکێکی زۆر زێڕەکانیان دەفرۆشن، هۆشیار مەلا یاسین دەربارەی ئەوە دەڵێت "ئەوەی پێویستیان بە پارەی زێڕەکانیان هەیە ئاساییە بیفرۆشن، بۆ نموونە نرخی زەوی و خانووبەرە دابەزیوە و نرخی زێڕ بەرزە، ئەگەر ئەو شتانەی پێ دەکڕن فرۆشتنی قازانجە، بەڵام ئەوەی پارەکەی شتێکی دیکەی پێ ناکڕێت فرۆشتنی هەڵەیە، چونکە ناتوانێت دواتر بەهەمان پارە زێڕ بکڕێتەوە".
گوتیشی: "ئەو کەسانەی پارەدارن و دێن لە بازاڕ زێڕ دەکڕن بە ئامانجی قازانج هەڵە دەکەن، چونکە هیچ کەسێک نازانێت تا چ رۆژێک بەرزبوونەوەکە بەردەوام دەبێت، هەموو بەرزبوونەوەیەک نزمبوونەوەی لەدوایە کاتێک نرخەکەی دێتە خوارێ زیانێکی گەورە دەکەن، چونکە لەوانەیە دابەزینەکەی خێرا و بە رەقەمی گەورەبێت، لەوانەیە لە رۆژێکدا ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دینار بێتە خوارێ".
دەربارەی مامەڵەکردن بە زێڕ لە بازاڕدا ئەو زێڕنگەرە دەڵێت "ئێستا لەسەدا ٩٥ فرۆشتنی زێڕی خەڵکە و لەسەدا پێنج دەیکڕن و رۆژانە بە تەنها خۆم زیاتر لە دوو کیلۆ زێڕ دەکڕمەوە لە هاووڵاتییان و لەسەدا پێنجی ئەو بڕە دەفرۆشمەوە بە خەڵک، ئەوەی دەشیکڕم راستەوخۆ دەیفرۆشینەوە لە بۆرسەی تورکیا و رەوانەی دەرەوەی دەکەین".
بەگوتەی هۆشیار مەلا یاسین "ئەو کاتەی بازاڕ ئاسایی بوو مانگانە دوو تۆن تا سێ تۆن زێڕ دەهێنرایە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا بازاڕەکە پێچەوانە بووەتەوە و مانگانە دوو تاوەکو سێ تۆن و نیو دەنێرینە دەرەوەی کوردستان و لە بۆرسەی تورکیا دەیفرۆشین و هاوردەکردن بووەتە سفر".
هێدی مەلا یاسین، زێڕنگەرێکی دیکەیە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر، ئەو باسی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێر دەکات لە هەولێر و گوتی: "رۆژانە بە تەنها لە دوکانی خۆم نزیکەی دوو کیلۆ زێڕ لە خەڵک دەکڕمەوە و لە بازاڕی هەولێریش بەگشتی زێڕنگەران زیاتر لە ١٠٠ کیلۆ دەکڕنەوە، بەڵام بە هەموو بازاڕ چوار بۆ پێنج کیلۆ دەفرۆشین رۆژانە".
بەگوتەی ئەو زێڕنگەرە ئێستا بەشێک لە خەڵک بەئامانجی قازانجکردن زێڕ دەکڕنەوە و گوتی: "هەندێک لە خەڵک بەقەبارەی ئەو پارەیەی لە گیرفانییەتی زێڕ دەکڕێت بە ئامانجی قازانجکردن، بەڵام بەشێک لە سەرمایەداران بەو هۆیەی کارەکانی دیکەیان وەستاوە بە پارەی گەورە زێڕ دەکڕن".
ئەو باسی سەرمایەدارێکی کرد و گوتی: "هاوڕێیەکی خۆم سەرمایەدارە، ئەمڕۆ وا خەریکە بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار زێڕ دەکڕێت بە ئامانجی قازانج، بەڵام دیار نییە قازانج دەکات یان بەو مامەڵەیە تووشی زیان دەبێت".
هێدی مەلا یاسین گوتیشی: "لەو بڕوایەم نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیاری ٢١ تاوەکو ٤٠٠ هەزار دینار بڕوات و بەرزبێتەوە، بەڵام دوای ئەوە روو لە دابەزین دەکات بەتایبەت ئەگەر فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە و هاتوچۆ ئاسایی بێتەوە، زێڕ یاسایەکی هەیە کە مامەڵەی زۆر پێوەکراو هاتوچۆ پێ کردنی ئاسایی بووەوە بەها و نرخەکەی دادەبەزێت".