As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
نرخی ھەڵوژەی سەوز یان (گەراس) بۆ ھەر کیلۆیەک گەیشتووەتە ٥٠٠ دۆلار و ئەمەش بەھۆی ئەوەی کە تازە گەیووە و ئەم نرخە بەرزە ڕەنگدانەوەی سنوورداربوونی دابینکردنە و ئەمەی ئێستا ھەیە لە وڵاتی تورکیا ھاوردەکراوە و لەگەڵ پێگەیشتنی ھەڵوژەی خۆماڵییش، نرخەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
میوەفرۆشێک ئاماژە بەوە دەکات کە لەم ماوەیەدا ٢٣ کیلۆ ھەڵوژەی ھاوردەکردووە و پێشتر خەڵک ناوی خۆی تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بیکڕێت و ھەر کیلۆیەک لەم یڕە ھاوردەکراوەی بە ٥٠٠ دۆلار فرۆشتووە و وەک خۆی دەڵێت ئێستا نرخی یەک کیلۆ بۆ ٤٠٠ دۆلار دابەزیووە بەھۆی پێگەیشتنی ھەڵوژەی زیاتر.
میوەفرۆش، مەهدی حوسێن مینە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم ماوەیەدا ٢٣ کیلۆ هەڵوژەمان لە وڵاتی تورکیا هاوردە کردبوو، هەمووییمان فرۆشت، ئەمڕۆش ١٢ کیلۆمان بۆ هاتووە کیلۆی بە ٤٠٠ دۆلارە، پێشتر یەک دەنک هەڵوژە بە حهوت هەزار دینار بوو ئەمڕۆ کردمانە پێنج هەزار، هەڵوژە خواستێکی زۆری هاووڵاتییانی لەسەرە و لەسەر داوای خەڵک هاوردەمان کردووە، نزیکەی دوو مانگ بەر لە ئێستا خەڵک ناوی خۆی نوسیووە بۆ دەستکەوتنی هەڵوژە و ئێستا بەهۆی پێگەیشتینییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ نرخەکەی دادەبەزێت".
سەبارەت بە دابینکردنی میوە دەگمەنەکان و پلانی داهاتوویان، مەهدی حوسێن مینە ڕایگەیاند: "ئەو جووتیارانەی کە هەڵوژەمان بۆ دەنێرن ساڵانێکە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە، کامەیان زووتر بەرهەمەکەی پێبگات، ئەوا ئەو بۆمان دەنێرێت".
لەبارەی خواردنی دیکەی بەهارەوە، مەهدی حوسێن مینە گوتی: "هەفتەیەکی دیکە چوالە (چەقەلە) پێدەگات و ئەویشمان بەدەست دەگات، بە گشتی پیشەکەی ئێمە ئەوەیە کە میوە و خواردنی دەگمەن هاوردە بکەین".
هەڵوژە یان گەراس، خواردنێکی ناسکی بەهارییە و بەھۆی تامە ترشەکەیەوە خواستێکی زۆری لەسەرە و خەڵک ئارەزووی کڕینی دەکەن، ئەم میوەیە دەوڵەمەندە بە پێکھاتەی تەندروستی و کانزا و ڕیشاڵەکان کە بۆ جەستە زۆر پێویستن، ھاوکات بڕێکی کەم کالۆری بە لەش دەبەخشێت و شەکری ناو خوێن بەرز ناکاتەوە
