سياسەت, ئابووری

لێدوانی غالب محەمەد لەبارەی رەوانەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران

ـ ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، غالب محەمەد: "رەوانەكردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی تانكەرەوە بۆ ئێران نەوەستاوە و بەردەوامە و نازانین چۆن دەفرۆشرێت".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 15.11.2018 - نوێکردنەوە : 16.11.2018
لێدوانی غالب محەمەد لەبارەی رەوانەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران

As Sulaymaniyah

سلێمانی – AA

ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، غالب محەمەد رایگەیاند، رەوانەكردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی تەنكەرەوە بۆ ئێران بەردەوامی هەیە و وەك ئەنجوومەنی نوێنەران بەدواداچوون لەو بارەیەوە دەكەن و ئاماژە بەوەش دەكات کە گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئێران تا ئێستا كێشە و كاریگەرییان لەسەر نەوتی عێراق نەبووە.

غالب محەمەد لە لێدوانێیكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران هیچ كێشە و كاریگەرییەكی لەسەر نەوتی عێراق دروست نەكردووە، چونكە بەشی زۆری نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەكانی خۆیەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهانی دەكات، ئەو بەشە كەمەی كە لە رێگەی تەنكەرەوە لە ئێرانەوە دەڕۆشت ئەوە نەماوە و لەئێستادا سەرقاڵی ئەوەن لە رێگەی بۆرییەوە لە توركیا و ئوردن ئەو نەوتە رەوانە بكەن".

ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، غالب محەمەد گوتیشی: "ئێران رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە دەكات، ئەگەر ئەو نەوتەش راگیرێت و نەڕوات ئەوكات نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت".

ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق دەشڵێت "ئێران زۆر رێگەی هەیە كە دەتوانێت نەوتی خۆی رەوانەی دەرەوە بكات، بەڵام بەڕێژەیەكی كەم، یەك لەو رێگایانەش پێدانی بڕێكی نەوتەكەیە بە كۆمپانیای تایبەت وەك ئەوەی ئێستا بڕی 700 هەزار بەرمیل دەداتە دوو كۆمپانیای تایبەت، هەروەها زۆرجار كەشتییە نەوتییەكانی ئاڵای تر هەڵدەكەن و لەبەر چاو كۆمپانیاكانی چاودێری نامێنێت و دەرباز دەبن".

لە بارەی ئەوەی ئێران تا چەند دەتوانێت لە رێگەی تەنكەر و لە رێگای عێراقەوە بەشێكی نەوتەكەی هەناردەی دەرەوە بكات، غالب محەمەد لە وەڵامدا گوتی: "ئێران ناتوانێت لە رێگەی تەنكەرەوە نەوتەكەی بداتە عێراق تاوەكو بۆی بفرۆشیت، بەڵام ئەگەر بەڕێگەی تر و لە رێگەی بۆرییەوە بێت ئەوكات كەس نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت".

بە گوتەی غالب محەمەد هەرناردەكردنی نەوتی كەركووك بە رێگای تانكەر بۆ ئێران بەردەوامی هەیە و وەك ئەنجوومەنی نوێنەران بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە دەكەن و گوتی:

"هەناردەكردنی نەوتی كەركووك تا سەرەتای ئەم مانگە بەردەوامی هەبووە و رانەگیراوە، بەڵام تا ئێستا بەدواداچوونمان نەكردووە بۆ ئەو نەوتە كە راگیراوە یان نا، ئێمە بەدواداچوونی خۆمان دەكەین لەسەر ئەو پرسە دڵنیابوونەوە لەوەی ناردنی ئەو نەوتە راگیراوە یان نا، چونكە خەڵكی شارەكە لەو نەوتە سوودمەند نابن و نازانین چۆن دەفرۆشرێت، بەتایبەت ئەگەر بەتەنكەر بڕوات نازاندرێت چەند رەوانەكراوە و كێ‌ دەیفرۆشێت و وەك بۆری نییە بەپێی گێج و ژمارە ئاشكرا بێت" .

ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، غالب محەمەد ئاماژەی كرد بەوەی، بڕی ئەو نەوتەی عێراق رۆژانە رەوانەی دەرەوەی دەكات و لە پڕۆژە یاسای بوودجەدا دیاری كراوە، سێ‌ ملیۆن و 850 هەزار بەرمیلە و دەتوانێت تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە زیاتر بكات.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın