سياسەت

"یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی پۆستێكی وەزاریی دەبێت"

ـ سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، جوان ئیحسان: "یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی پۆستێكی وەزاریی دەبێت و پێشبینی دەكەین ئەو وەزارەتەش وەزارەتی داد بێت".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 15.11.2018 - نوێکردنەوە : 18.11.2018
"یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی پۆستێكی وەزاریی دەبێت"

As Sulaymaniyah

سلێمانی – AA

ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی لیستی ئەو حزبە لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، جوان ئیحسان لە بارەی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و پشكی حزبەكەی لەو كابینەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.

جوان ئیحسان گوتی: "لە ماوەی رابردوودا بەشێكی كابینەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەنگی لەسەر دراوە و بەشەكەی تریشی تا ئێستا ماوەتەوە و بە هۆی لێكنەگەیشتنی لایەنە عێراقییەكان تا ئێستا ماون و دەنگیان لەسەر نەدراوە و دواخراوە، بەتایبەت لەسەر دوو وەزارەتی سەرەكی ناوخۆ و بەرگری ناكۆكی هەیە".

سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق گوتیشی: "تا ئێستا دیار نییە لە چ كۆبوونەوەیەكی داهاتووی ئەنجوومەنی نوینەران ئەم بابەتە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە و تایبەت دەكرێت بە دەنگدان لەسەر ئەو وەزارەتانەی كە ماون و وەزیرەكانیان دیاری نەكراوە".

جوان ئیحسان هەروەها گوتی: "لەسەر ئەو پۆستە وەزارییانە دیار نییە لایەنە عێراقییەكان كەی دەگەنە رێكکەوتن، هەروەها خودی عادل عەبدولمەهدی كە سەرۆكایەتی كابینەكە دەكات لە رۆڵی نزیكردنەوەی لایەنەكاندایە".

كورد لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سێ‌ پۆستی وەزاری هەیە، تا ئێستا دوو پۆستیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان یەكلابووەتەوە كە پۆستی وەزیری دارایی و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنە، هەرچی پۆستی وەزاری سێیەمە كە تا ئێستا یەكلا نەكراوەتەوە هەردوو لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەرگرتنی ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن.

سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، جوان ئیحسان لە بارەی پشكی یەكێتی لەو پۆستە وەزارییانەی کە ماون گوتی: "ئەوەی پەیوەستە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پشكی یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئەوەیە یەك لە پۆستە وەزارییەكانمان دەبێت و پێشبینی دەكەین ئەو وەزارەتەش وەزارەتی داد بێت".

سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد "پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە گفتوگۆ و دانوستانەكانیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی خۆیدایە كە سەرۆكی ئەم كابینەیەیە و ئەو لە كۆتایدا بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە دەدات، پێشبینی دەكەین لە كۆتایدا هەردوولا لێكتێگەیشتنیان هەبێت لەو بارەیەوە".

جوان ئیحسان هەروها گوتی: "ئەو گوشارە سیاسی و دەستێوەردانانەی ئێستا هەیە لەسەر سەرۆكوەزیران وا دەكات نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر ئەوەی كە ئایا پڕۆسەكە بە سەركوتوویی دەگاتە جێ‌ یان لە ناوەڕاستدا دەپچڕێت و شكست دەهێنێت، ئەگەر ئەم حكوومەتەی ئێستاش شكست بهێنێت ئەوا كارەسات دەبێت بۆ عێراقییەكان".

سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق ئەوەشی گوت کە "لە عێراقدا كۆمەڵێك كێشەی زۆر هەیە لە كێشەی دارایی و ئیداری و پێویستیان بە رێكخستنەوەی بەپەلە هەیە، هەروەها زۆر ناوچەی وەك مووسڵ هەیە كە داڕووخاوە و پێویستە كێشە سیاسییەكان بخرێتە لاوە و ئاوەدان بكرێتەوە، هەروەها كێشەی بەسرە و كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و چەندین كێشەی تر كە هی ئەوە نین كە سەركێشییان پێوە بكرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın