Ali Semerci,Mücahit Aydemir
18 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2020
تەرابلوس - AA
سەركردەى هێزە ناشەرعييە چەكدارەكانى رۆژهەڵاتى ليبيا، خەليفە حەفتەر دواى داخستنى بۆ ماوەى هەشت مانگ، كردنەوەى دامەزراوەكانى نەوتى راگەياند.
خهلیفه حەفتەرى كودەتاچى، لە گوتارێكى راستەخۆيدا لە رێگەى تەلەڤیزيۆنەوە رايگەياند: "بە جێبەجێكردنى هەموو مەرج و رێكارە پێويستەكان بۆ گرەنتيكردنى دابەشكردنى داهاتى نەوت بەشێوەيەكى دادپەروەرانە، بەرهەمهێنان و هەناردەكردنى نەوت دەستيپێكردووەتەوە".
حەفتەر سهبارهت به مهرجی هەڵگرتنى راگرتنى هەناردەى نەوت گوتى: "بە مەرجى گرەنتيكردنى ئەوەى داهاتەكان بۆ پاڵپشتيكردنى تيرۆر بەكارنەهێنرێت" و لهبارهی هۆكاری دەركردنى بڕيارەكهش رایگهیاند: "بەهۆى خراپبوونى دۆخى گوزەرانى خەڵكى ليبيا ئەو بڕيارەيان داوه".
- "پەيوەندیيمان بە رێككەوتنى دابەشكردنى داهاتى نەوتەوە نييە"
لەلايەكى ديكەوە، بانكى ناوەنديى ليبيا ئاشكرايكرد، ئەوان هيچ پەيوەندييەكيان بە رێككەوتنى دابەشكردنى داهاتى نەوتەوە نييە.
لە راگهیهنراوێكدا كە لەلایهن بانكى ناوەنديى ليبياوە بڵاوكراوەتەوە، هاتووە:
"لە چهند كاژمێری رابردوودا بە دواداچوونمان بۆ ئەو روونكردنەوە و بەياننامانە كرد كە باس لە رێككەوتنى دابەشكردنى داهاتى نەوت دهكهن و ناوى بانكەكە و بەڕێوەبەرەكەشى تێدایه. وەك بانكى ناوەنيى ليبيا بە كارهێنانى ناوى بانكەكە و بەڕێوەبەرەكەى بۆ ئەم بابەتانە رەتدەكەينەوە".
- راگرتنی هەناردەى نەوت لەلايەن حەفتەرەوە
ليبيا كە ئابوورييەكەى بە تەواوەتى لەسەر داهاتى نەوتە، نزيكەى سەدا ٨٠ى سەرچاوەكانى هايدرۆكاربۆن لە رۆژهەڵاتى وڵاتەكە لە ژێر كۆنترۆڵى ميليشياكانى حەفتەردان.
حەفتەر نهوت وەك گوشارێك لە بەرامبەر حكوومەتى شەرعيى ليبيا بەكاردەهێنێت و لە كانوونى دووەمەوە هەموو كێڵگەكان و دامەزراوەكانى نەوتی داخستووه، كە داهاتەكەى بۆ حكوومەت دەڕوات.
بە گوێرەى ئامارەكانى حكوومەتى ويفاقى نيشتيمانى ليبيا، بەهۆى رێگرییكردنی حەفتەر لە بەرهەمهێنان و هەنارەكردنى نەوت بە شێوەيەكى ناياسايى، لە ماوەى هەشت مانگدا زياتر لە ١٠ مليار دۆلار زيان بەر ئابووریی وڵاتەكە كەوتووە.