Mesut Davarcı
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
قەیسەری - AA
لە شارۆچکەی بونیان سەربە پارێزگای قەیسەری کە لە ساڵانی رابردوودا، بووە یەکێک لە ناوچە دیارەکان لە بواری بەرهەمهێنانی پەتاتەدا، کۆکردنەوەی بەروبوومی پەتاتەی زستانە دەستیپێکرد.
ساڵی رابردوو لەسەر رووبەری ١٨ هەزار و ٤٢٠ هێکتار زەوی ٦١ هەزار و ٣٧٠ تۆن پەتاتە لە شارۆچکەکە بەرهەمهێنرا، ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت لەسەر رووبەری ٢٠ هەزار هێکتار زەوی نزیکەی ٨٠ هەزار تۆن بەرهەم بهێنرێت.
پەتاتە کە لە کێڵگەکاندا لەلایەن کرێکارانی وەرزیەوە کۆدەکرێنەوە، دەکرێنە فەردەوە و پاشان دەخرێنە بارهڵگراکانەوە، هەروەها لە ناوچەکەدا بە کۆمەڵ دەفرۆشرێن و لەلایەن جووتیارانیشەوە بە کیلۆ دەفرۆشرێت.
کێڵگەکانی پەتاتە کە بۆ پێگەیشتووان سەرچاوەی گوزەران و بۆ منداڵانیش شوێنی یاریکردنن، ئەوەی زۆر تیایاندا ماندووی دەکێشێن ئافرەتانن.
ئاینور ئینان-ی تەمەن ٣٢ ساڵان کە لە منداڵییەوە تا ئێستا وەک کرێکاری وەرزی کار دەکات، باس لەوە دەکات کە هەلومەرجەکانی کار زۆر سەختە بۆیان.
ئاینور ئینان باسی لەوە کرد کە هەم کاری ماڵ دەکەن و هەمیش لە کێڵگەکاندا کار دەکەن و گوتی: ''لێرەدا لەژێر چادردا دەمێنینەوە. بەیانی و ئێواران زۆر ساردە. نان ئامادەکردن، کاری پاککردنەوە و هەموو کارەکانی ناو ماڵ دەبێت ئێمە ئەنجامی بدەین. منداڵەکان ناتوانن بچنە قوتابخانە لەبەرئەوە بۆ بژێوی ژیان بە ناچاری بەشداری لەهەموو کارەکاندا دەکەین''.