Sarmand Hameed
30 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2017
بەغدا - AA
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند هەردوو حکوومەتی عێراق و ئێران گەیشتنە رێککەوتنی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی هاوبەش لە دوو کێڵگەی نەوتی کە دەکەونە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە کە رێککەوتننامەکە لەنێوان وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لعێبی و هاوتا ئێرانییەکەی بێژەن زەنگەنە لە تارانی پایتەختی ئێران واژوو کراوە.
بەپێی ئەو رێککەوتننامەیە وەبەرهێنانی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێران لە کێڵگەی نەوتی نەفت خانە لە پارێزگای دیالە و گیڵگەی نەوتی سیندباد لە پارێزگای بەسڕا ئەنجام دەدرێت.
وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لعێبی هیوای ئەوەی خواستووە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو بگەنە رێککەوتی کۆتایی و ئاماژەی بەوەشکردووە کە رێککەوتنەکە هەنگاوێکە بە ئاراستەی وەبەرهێنان لەو کێڵگانە بەجۆرێک دڵنیایی مافی هەردوولا بەپێی پێوەرە و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەستەبەر دەکات.
کێڵگەی نەوتی نەفت خانە دەکەوێتە ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەریمی کورستان و کێڵگەیەکی هاوبەشە لەگەڵ ئێران.
بەرهەمی رۆژانەی ئەم کێڵگەیە ٢٠ هەزار بەرمیل بوو بەر لەوەی بەتەواوەتی لەکار بکەوێت بەهۆی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو.
هەروەها کێڵگەی سیندیباد دەکەوێتە پارێزگای بەسڕا باشووری عێراق لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە سێیەم بیری نەوت ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بڕی بەرهەمەکەی بکات.
بەیاننامەکە لە وەزیری نەوتی عێراقی گواستووەتەوە کە بڕیاردراوە لەسەر پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش بەمەبەستی زانینی توانای بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ پاڵاوگە لە ئێران لە رێگەی ئەو تۆڕی بۆرییەی کە بۆ ئەم مەبەستە دروستکراوە.
نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆرییە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جيهانى تورکیا بۆ دەرەیای ناوەڕاست و لەوێشەوە لەرێگەی کەشتی نەوت هەڵگرەوە لە بازارەکانی جیهان دەفرۆشرێت.