Zana Natık Kerem
16 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2019
بەغدا ــ AA
ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، میلحان مگۆتر رایگەیاند کە ئەمریکا مۆڵەتی سێ مانگی دیکەی بۆ عێراق درێژکردەوە بۆ ئەوەی غاز و کارەبا لە ئێران، هاوردە بکات.
میلحان مگۆتر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکرد کە ئەمە دووەمجارە ئەمریکا مۆڵەتی ھاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق درێژ دەکاتەوە و گوتی: "ئەگەر بەم نزیکانە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا باش ببێتەوە، ئەوا بە یەکجاری رێگە بە عێراق دەدرێت غاز و کارەبا لە ئێرانەوە، هاوردە بکات".
ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، میلحان مگۆتر ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ھاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، عێراق پێویستی بەوەیە تا سێ مانگی دیکە غاز و کارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە بکات.
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندبوو کە کۆی گشتی ئەو بڕە کارەبایەی کە عێراق لە ئێرانەوە ھاوردەی دەکات، چوار ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار میگاواتە.
چەندین ساڵە عێراق بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای نیشتمانی، غاز و کارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە دەکات.
لە ماوەکانی رابردوودا وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کردبوو، لەو سزایانە بەخشراوە کە لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە و ئاماژەی بەوەشدابوو کە بۆ دابیکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەردەوامن لە ھاوردەکردنی غاز لە ئێران.