Salim Xemexan
01 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2017
شارەزوور – AA
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور کە وێنەیەکی دراوەتە ئاژانسی ئانادۆڵۆ، ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوور لە قەزای سەیدسادق دەستیان بەسەر ئەو حەبانەدا گرتووە، لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "لەچوارچێوەی ھەوڵی ھێزەکانمان بۆ بنەبڕکردنی دیاردە دزێو و نەخوازراوەکان لە بەرواری ١٩/٩/٢٠١٧دا لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور، ھێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایتیمان لە یاریدەدەرێتی ئاسایشی سەیدسادق، توانیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدسی بارھەڵگردا لەو قەزایە، دەست بگرن بەسەر ٢٢ بیست و دوو کارتۆن حەبی ترامادۆڵدا".
لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دوی دەستبەسەرداگرتنی حەبەکان "بە فەرمانی بەڕێز دادوەر و بە پێی ماددەی (١٤ی مخدرات) تۆمەتبارێک بەناوی (ی. ج. ج.) دەستگیر بکەن".
لە راگەیەنراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە "دوای ئەوەی ھێزەکانمان پشکنین بۆ ماڵی تۆمەتبارەکە دەکەن، توانیویانە دوو کارتۆنی تر لە ھەمان جۆری حەب بدۆزنەوە لە ماڵی تۆمەتباردا، شایەنی باسە تۆمەتبارەکە لەناو ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکەدا، جێگای تایبەتی بۆ شاردنەوەی ئەو حەبانە دروستکردووە".
راشگەیەنراوە کە دەراوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتریش بەردەوامە".
لەماوەی ئەمساڵ و لە سێ ھەڵمەتی جیاوازی تردا ئاسایشی شارەزوور دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی شەش ملیۆن و نیو دەنکە حەبی تری راگەیاند، لەگەڵ دەستگیرکردنی شەش کەس بەتۆمەتی پەیوەندیداربوون بەو دۆسیانەوە، لەگەڵ دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چوار کەسی تر لەھەمان ئەو دۆسیانەدا.