Hawkar Yaseen
15 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
لە مەراسیمێکدا لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی لێکتێگەیشتنی کاری لەگەڵ هەردوو کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور و هەریر واژوو کرد.
بەپێی لێکتێگەیشتنەکە هەردوو کارگەکە بۆ لەمەودوا دەبێت بەروبوومی تەماتەی خۆماڵی بکەنە دۆشاو و رێژەی لەسەدا ٥٠ی بەروبوومی تەماتەی جووتیاران بکڕنەوە.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کەریم سلێمان لە وتەیەکدا لە مەراسیمەکەدا گوتی: "وەزارەتی کشتوکاڵ بەرلە هەر شتێک وەزارەتی جووتیارانی کوردستانە، هەر لەبەر ئەوەش هەوڵی دروستکردنی ئەم لێکتێگەیشتنەماندا کاتێک دەمانبینی هەموو ساڵێک کاتی پێگەیشتنی بەروبووم گەلێک گلەیی و گازندە هەبوو کە ئەو بەرهەمانە ساغ نابنەوە و تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر دەبوون، بۆیە هیوادارین ئەم لێکتێگەیشتنە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە جووتیارانی ئێمە بەتایبەت جووتیارانی تەماتە لە سەرانسەری کوردستاندا رەنج و ماندووبوونیان بەهەدەر نەچێت و هەموو بەرهەمەکانیان ساغ بێتەوە، بۆ کارگەکانیش بەهیواین بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا ساغبێتەوە".
کەریم سلێمان گوتیشی: "ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر ئەوە دەکەین ئەم لێکتێگەیشتنە لەنێوان وەزارەت و هەردوو کارگەکەدا ئیمزا بکرێت، ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین کە گەیشتینە ئەم ئەنجام و خاڵە گرنگە، هیوای سەرکەوتن دەخوازین بۆ هەردوو کارگەکە و بەرهەمەکانیان".
دواتریش شارەزای بواری كشتوكاڵ لە نووسینگەی وەزیری كشتوكاڵ، ئەحمەد تاهیر لە وتەیەکیدا دەربارەی گرێبەستەکە و خاڵ و بەندەکانی لێکتێگەیشتنەکە رایگەیاند "سێ مانگ سەرقاڵی هاتنە بەرهەمی ئەم لێکتێگەیشتنە بووین، لێکتێگەیشتنەکە پاڵپشتییەكی گرنگە لە بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆ و هاندانی جووتیاران، بەو پێیەی ساڵانی رابردوو هەمیشە كێشەی ساغكردنەوە و بە بازاڕكردنی بەرهەمی جووتیاران رووبەڕووی وەزارەتی كشتوكاڵ دەبووەوە، ساڵی رابردوو جووتیاران بەروبوومی تەماتەکەیان لەناودەبرد لەبەر ئەوەی بەرهەمیان زۆر بوو، بەڵام خواست لە بازاڕ نەبوو، بۆیە یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەردوو كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزور و هەریر واژووكرا تاوەکو ئەو گرفتە دووبارە نەبێتەوە".
ئەحمەد تاهیر دەربارەی ووردەکاری لێکتێگەیشتەنەکەش گوتی: "کارگەکان پابەند دەبن بە کڕینەوەی بەرهەمی لەسەر ٥٠ی تەماتەی بەرهەمهاتووی جووتیاران، بۆئەوەی لە بازاڕیشدا تەماتە بمێنێت و کاریگەری نەبێت لەسەر نرخەکەی، ئەگەر بەپێی رێککەوتنی هەردوولاش بڕێکی زیاتریان کڕی بەمەرجێ کاریگەری لەسەر بازاڕ نەبێت رێپێدراوە".
ئەحمەد تاهیر هەروەها گوتیشی: "کارگەکان دەبێت سندوقی پلاستیکی بۆ جووتیاران دابین بکەن بۆ کۆکردنەوەی تەماتەکانیان لە هەر ناوچەیەکیش شوێنێک وەک وێستگە دیارییکراوە کە بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی لێ وەربگیرێت و لەوێوە بەڕێدەکرێت بەرەو کارگەکان".
شارەزای بواری كشتوكاڵ لە نووسینگەی وەزیری كشتوكاڵ، ئەحمەد تاهیر گوتیشی: "لیستێکی ١٧٠ تەرزی بنەتۆوی تەماتەمان داوە بە هەردوو کارگەکە، خۆیان سەرپشکن لە هەڵبژاردنی ئەو جۆرەی کە دەیانەوێت جووتیاران بیچێنن و بۆ دۆشاو گونجاوە، هەرکامیان هەڵبژێرن بنەتۆو بۆ جووتیاران دابین بکەن و ئەو جۆرەیانیان بۆ دەچێنن، ئەگەر لە دەرەوەی ئەو ١٧٠ تەرزەش جۆرێکی دیکەیان ویست ئەوا دەتوانن کارگەکان بنەتۆوەکەی بهێنن و ئێمە هاوکاریان دەبین لە تۆمارکردنی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراقیش تاوەکو بتوانین بەرهەمێکی زۆر باش بخەنە بازارەوە".
ناوبراو راشیگەیاند "ساڵی رابردوو کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور بەرهەمێکی زۆر کوالێتی بەرزی دۆشاوی تەماتەی خستووەتە بازاڕەوە کە لە هەموو ئەو جۆرانە باشتر بووە کە هاوردەکراوی دەرەوەن بۆیە چاوەڕوان دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی ئەم دوو کارگەیە لە بازاڕدا بەباشی ساغ بێتەوە".