Dlshad Saifaalddin Ahmed
29 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2018
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک شارۆچکەی تەکیە لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، وێستگەیەکی گەورەی کارەبا کە بە وێستگەی ٤٠٠/١٣٢ کەی ڤی بازیان ناسراوە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کرایەوە .
وێستگەکە لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی کۆری و وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان دروستکراوە و بڕی ٦٣ ملیۆن دۆلاری تێچووە.
بریکاری وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، ھۆگر شاڵی لە گوتاری کردنەوەی وێستگەکەدا گوتی: "ئەم پڕۆژەیە لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژانەدایە کە پێش چوار ساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر داوە و بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕەوە تەواوکردنی دواکەوتووە، پڕۆژەکە رۆڵی گرنگی دەبێت لە رێکخستنەوەی دابەشکردنی وزەی کارەبا و توانای بەرھەمھێنانی ٣٠٠ مێگاوات کارەبای ھەیە".
لە لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەکەدا باسی لە گرنگی کردنەوەی پڕۆژەکە کرد و ئاماژەی کرد بەوەی پڕۆژەکە سوودی بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان دەبێت، ھیواشی خواست پڕۆژەکە یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەزانین لە کەرتی کارەبا، کێشەیەکی جددی ھەیە و نەتواندراوە وەک پێویست پلان و بەرنامەکان جێبەجێبکرێن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەرجییەکی زۆری لە کەرتی کارەبا کردووە و کەرتی تایبەتی ھانداوە وەبەرھێنان لەو کەرتەدا بکەن، بەڵام ھەنگاوی گەورە و بچووکمان پێویستە و ئەم پرۆژەیەش بەشێکە لەو ھەنگاوانە".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە تۆڕێکی فراوانی ستراتیجی لە بواری کەرتی کارەبادا کە حکوومەت پێشتر پلانی بۆ داناوە، بەڵام بە ھۆی قەیران و شەڕی داعشەوە تەواوکردنی پڕۆژەکە دواکەوت، راستە شەڕ و قەیرانەکان کاریگەری خراپیان لە ھەموو کەرتەکانی ژیان کردووە، بەڵام حکوومەتی ھەرێم بە پشتیوانی خەڵکی دڵسۆز و دۆستانی ھەرێم ھەوڵیداوە بەسەر قەیرانەکان سەرکەوتوو بێت و لە پڕۆژەکان بەردەوام بێت".
نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەئێستادا و دوای سەرکەوتنی لە شەڕی تیرۆر و پلانی ناحەزان، خەریکە رۆژە سەختەکان تێدەپەڕێنین و حکوومەت بەپێی تواکانی بەردەستی لە ھەموو بوارەکان ھەنگاو دەنێت و لە ھەموو پلان و پڕۆژەکان دەست پێدەکاتەوە و لە بواری کارەباشدا ھەنگاوی گەورە و گرنگمان پێویستە کە ئەم پڕۆژەیەش بەشێکە لەو ھەوڵانە".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.