Sarmand Hameed
22 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2021
هەولێر - AA
لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق روونکردوەیەکی بڵاوکردەوە .
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ھەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ٨٠ ملیۆن دینار دەبێت".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە ئەو ژمارەیە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئێمە وەکو لیژنەی دارایی ئەو ھەواڵانە رەتدەکەینەوە و لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەرنەکراون".
ئەوەش روونکراوەتەوە کە ئەو ھەواڵانە ھیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە.
لەبارەی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە روونکردنەوەکەدا هاتووە کە کۆی گشتی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکە لە مانگێکدا ٢٠ ملیۆن دینارە.
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە زیاتر ورد بن لە بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵانە و دڵنیابن لە سەرچاوەی سەرەکی لە پێدانی ھەواڵ وزانیاری بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان.