ئابووری, عێراق

دەشتی ناوکوڕ بەناوبانگترین ناوچەی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان

جووتیار، بەشار مشیر: "لە دەشتی ناوکوڕ ساڵانە ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار کرێکار سوود لە چاندن و هەڵگرتنەوەی پەتاتە دەبیینن واتا هەلیکار زیادی کردووە، زۆربەی کرێکارەکان ئاوارەن و نیشتەجێی کەمپەکانن کە پێکهاتوون لە هەردوو رەگەز".

Heman Hussein Yaseen  | 04.07.2023 - نوێکردنەوە : 08.07.2023
دەشتی ناوکوڕ بەناوبانگترین ناوچەی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

لە دەشتی ناوکوڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک لە رێگای کرێکارانی ناوچەکەوە دەست بە کۆکردنەوەی پەتاتە دەکرێت ئەوەیش هەلیکاری بۆ ژمارەیەکی زۆر کرێکاری ناوچەکە رەخساندووە، خاوەن زەوییەکی ناوچەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان، شەش ئەوەندەی پێداویستیی ناوخۆیە و ئاشکرایشی دەکات کە لە ماوەیەکی نزیکدا، پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت.

لە دەشتی ناوکوڕ بە سەدان کرێکار پەتاتە کۆدەکەنەوە، پەتاتەکان دوای کۆکردنەوەیان لە تاقیگەیەکی کشتوکاڵیی ناوچەکە پشکنینیان بۆ دەکرێت و پاشان بەشێکیان دەبردرێن بۆ کۆگایەکی ناوچەکە و لەوێ بە نوێترین ئامێری سەردەمیانە کە تیایدا رەچاوی پلەکانی گەرما و رادەی شێ کراوە، هەڵدەگیرێن.

جووتیار، بەشار مشیر ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی ١٥ ساڵە چاندنی بەروبوومی پەتاتە گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیووە و لەئێستاشدا ساڵانە لەسەر رووبەری ٣٠ هەزار دۆنم زەوی پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕ دەچێندرێت و ٣٥٠ هەزار تۆن بەرهەمی ساڵانەی پەتاتەیە لە ناوچەکەدا.

جووتیار، بەشار مشیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٩وە چاندنی پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕ گەشەی بەخۆیەوە بینیووە، ئەم دەشتە ناوەندی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ساڵانە قەبارەی چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەڵکشاندایە و لەئێستادا نزیکەی ٣٠ هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە، چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی بەرهەم لەم ناوچەیە ٣٥٠ هەزار تۆن بێت".

گوتیشی: "دەتوانین پەتاتە بۆ دوو جۆر پۆلێن بکەین، یەکەمیان پەتاتەی خواردنە و نزیکەی ٣٠ جۆری هەیە، هەروەها ئەوەی دیکە پەتاتەی پیشەسازییە کە نزیکەی شەش جۆری هەیە و بۆ چپس و فینگەر بەکاردێت، لێرە هەردوو جۆرەکەی دەچێندرێت".

جووتیار بەشار مشیر لەبارەی وەرزی چاندن و پێگەیشتنی بەرهەمی پەتاتە، گوتی: "لە عێراق بە گشتی مانگێک لە پێش ئێمەوە دەست بە چاندن دەکەن. لە هەرێمی کوردستان بە گشتی لە یەکی شوباتەوە دەست بە چاندن دەکرێت تا یەکی ئادار و لە ئێستاشەوە وەرزی کۆکردنەوە دەست پێ دەکات، هەروەها شێوازی چاندنەکەش ئەوەیە کە دووری نێوان دوو بنەتۆ ٢٥ سانتیمەترە و قوڵاییەکەشی ٢٠ سانتیمەترە".

جووتیار بەشار مشیر ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە بنەتۆی پەتاتە لە وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەتی لە هۆڵەندا هاوردە دەکەن و گوتی: "چەند کۆمپانیایەک هەیە لە کوردستان کە بریکاری سەرەکی هاوردەکردنی بنەتۆی پەتاتەن و ئێمە ساڵانە نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ هەزار تۆن بنەتۆ لە هۆڵەندا هاوردە دەکەین و لێرە دابەشی سەر جووتیارانی عێراقی دەکەین، هەروەها بەشێکیشی لە کۆمپانیای خۆمان دادەنێین و ساڵانە نزیکەی هەزار تۆنی دەچێنین".

بەگوتەی جووتیار، بەشار مشیر بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان شەش ئەوەندەی پێداویستی ناوخۆیە و ئەوەشدەخاتەڕوو کە بەنیازن پەتاتە هەناردەی وڵاتان بکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان بۆ ساڵێک پێویستی بە ١٠٠ هەزار تۆن پەتاتە هەیە، بەڵام ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت لە هەرێمی کوردستان ٦٠٠ هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمبێت، واتا شەش بەرامبەر پێداویستی ناوخۆ بەرهەم زیادی کردووە، ئەم زیادەیەش رەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێڕاق دەکەین، هەرچەندە لە شارەکانی دیکەی عێراقیش پەتاتە چێندراوە، بەڵام کە قەبارەی بەرهەمهێنان زیادی کرد ئەوا جووتیار تووشی گرفتی بەبازاڕکردن دەبێت، بۆیە ئێمە لە هەوڵداین لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانین پەتاتە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکەین بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو کە بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کونسۆڵخانەی ئیمارات یاداشتێکی لێکتێگەیشتینیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن چەندین جۆری بەروبوومی کشتوکاڵی لەنێویاندا پەتاتە رەوانەی ئیمارات بکرێت کە بڕیارە لە وادەیەکی نزیکدا پڕۆسەکە دەست پێ بکات".

فراوانی دەشتی ناوکۆڕ وایکردووە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران لە ناوچەکەدا هەلیکاریان بۆ بڕەخسێت و بۆ ئەمساڵیش چەندین کرێکار لە هەردوو رەگەز کاری کۆکردنەوەی پەتاتە دەکەن کە بەشێک لەو کرێکارانە ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن.

بەشار مشیر لەبارەی رەخساندن و ژمارەی هەلیکار لە ناوچەکە گوتی: "وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵییدا جیاوازە بەراورد بە سێکتەرەکانی دیکە، کشتوکاڵ چەندین هەلیکار دەڕەخسێنێت هەر بۆیەش لە دەشتی ناوکوڕ ساڵانە ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار کرێکار سوود لە چاندن و هەڵگرتنەوەی پەتاتەوە دەبیینن واتا هەلیکار زیادی کردووە، زۆربەی کرێکارەکان ئاوارەن و نیشتەجێی کەمپەکانن کە پێکهاتوون لە هەردوو رەگەز".

بە گوتەی ئەو جوتیارە، یەکێک لە کێشەکانی کەرتی کشتوکاڵ، بە بازاڕکردن و پاراستنی بەرهەمەکانە و بە پێویستیشی دەزانێت کە کارگەیەک دابمەزرێت بۆ دروستکردنی چپس و فینگەر وەک بەشێک لە چارەسەرکردن.

بەشار مشیر گوتیشی: "کێشەی سەرەکیمان بە بازاڕکردن و پاراستنی بەرووبوومەکانە، ئەگەرچی یاسایەک هەیە بۆ پاراستنی بەروبوومەکان، بەڵام یاساکە لە هەندێک شوێن وەکخۆی جێبەجێ ناکرێت و لەکاتی پێگەیشتنی بەروبوومەکانمان ئەوا هەمان بەروبووم لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت، بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە کە کارگەیەک دابمەزرێت بۆ ئەوەی بەشێکی پەتاتەکە بکرێتە چپس و فینگەر وەک بەشێک لە چارەسەر، هەروەها چەندینجار داوامان لە حکوومەت کردووە کە مەرزەکان باشتر کۆنترۆڵ بکرێن، دەشتوانین بەڵێن بە حکوومەت بدەین کە لە تەواوی ساڵدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی نەبێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن