Mücahit Aydemir
28 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2020
تەرابلوس - AA
بەهۆی هەڵوێستی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە دژی ئیسلام و بەرگرییکردنی لەو کاریکاتێرانەی کە حەزرەتی محەمەد دەکەنە ئامانج، خانەی فەتوای لیبیا، فەتوای دا کە ''بایکۆتکردنی کاڵاکانی فەڕەنسا ئەرکی هەموو موسڵمانێکە''.
لە راگەیەندراوەکدا کە لەلایەن خانەی فەتوای لیبیا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە ''تەواو خۆبەدوورگرتن لە کاڵاکانی فەڕەنسا و وازهێنان لە کڕینیان بە بازرگان و بەکاربەرەوە ئەرکی ئایینی هەموو موسڵمانێکە''.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە روو بکرێتە جێگرەوەی بەرهەمەکانی فەڕەنسا و هاتووە ''ئەگەر جێگرەوەیان نەدۆزرایەوە، ئەوا پێویستە لە پێناو خۆشەویستی پێغەمبەر کە بۆ موسڵمانان لە گیان و ماڵیان بە بەهاترە ئارامبگرن لەسەر نەبوونی''.
خانەی فەتوای لیبیا لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی بایکۆتکردن ''چەکێکی ئازاربەخش و کاریگەرە'' و هاتووە ''پێویست ناکات گوێ بگیرێت بۆ بانگەوازی لەرزۆک و لادەری هەندێک وڵاتی لایەنگریی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ زایۆنیستەکان (دەوڵەتی ئیسرائیل)دا کە دەڵێن بایکۆتکردن بێ سوودە''. ئەوەیش خراوەتەڕوو دانمارک کە لە ساڵانی رابردوودا بە هەمان شێوە بایکۆت کرا هەنگاوی بۆ دواوە نا و ناچار بوو لەسەر ئاستی فەرمی داوای لێبوردن لە موسڵمانان بکات.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرکردەکانی وڵاتانی موسڵمانان کراوە پەیوەندیە ئابوورییەکانیان لەگەڵ فەڕەنسادا رابگرن، داواش لە موسڵمانانی ئەو وڵاتانە کراوە خۆپیشاندان ساز بکەن بۆ پرۆتێستۆکردنی ''رەگەزپەرستیی و لێدوانی نەفرین لە فەڕەنسا''.
